پەیامی دڵخۆشی و پیرۆزبایی پارتی سەربەخۆیی کوردستان: بە بۆنەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە باشووری کوردستان

ڕێکەوتی بڵاوکردنەوە

کوردی
22 خەرمانان 2726
کۆچی هەتاوی
22 شهریور 1405
میلادی
کۆچی مانگی · ئوم‌القورا
١ ربيع الآخر ١٤٤٨
وەرگێڕانی بابەت Translate

وەرگێڕانی ماشینی لە Google Translate، لە پەنجەرەیەکی نوێدا دەکرێتەوە؛ وەرگێڕانی فەرمی نییە. دەقی سەرەکی سەرچاوەیە.

بۆ زمانەکانی تر، لە پەڕەی Google Translate زمانی وەرگێڕان بگۆڕە.

هاوبەشکردن

پارتی سەربەخۆیی کوردستان بەو پەڕی دڵخۆشیەوە پیرۆزبایی گەرمی خۆێ بە بۆنەی یەکخستنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان پێشکەشی خەڵکی کوردستان، بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەکان، سەرۆکایەتی و حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی پێشمەرگە و هەموو ئەو لایەن و کەسایەتییانە دەکات کە بە هەست بە بەرپرسیارەتی بۆ نیشتمان بەشدار بوون لە بە ئەنجام گەیاندنی پرۆسەی یەکخستن و ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەییەکی یەکگرتوودا.

ئەم دەسکەوتە تەنها یەکخستنەوەی دوو پێکهاتەی سەربازی یان گۆڕانکارییەکی تەکنیکی و کارگێڕی نییە؛ بەڵکوو هەنگاوێکی مێژووییە بۆ کەمکردنەوەی زۆری سەرچاوەی فەرمان و پەیوەندیی حیزبی، بەرە و یەک دامەزراوەی نیشتمانی، یەک فەرماندەییی یاسایی و یەک بەرپرسیارێتیی حکوومی. لەم ڕووەوە، یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە بەردێکی بنەڕەتیی بنیاتنانی دامەزراوە، سەروەریی یاسا و بەهێزکردنی قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستانە.

بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، یەک فەرماندەیی واتای یەک بڕیار، یەک ستراتیژیی بەرگری و یەک سیستەمی بەرپرسیارێتی و لێپرسینەوەیە. ئەمە توانای بەربەرەکانی و وەڵامدانەوە بە هەڕەشەکانی تیرۆر، نائارامیی ناوچەیی، هێرشە دڕۆنی و مووشەکییەکان و مەترسییەکانی سەر سنوور بەرز دەکاتەوە. هەروەها بنەمای یەکسانی لە مووچە، پلە، ڕاهێنان، چەک و مافە پیشەییەکانی پێشمەرگەکان بەهێز دەکات.

هێزێکی نیشتمانی و دوور لە ملمڵانێی حیزبی، دەبێتە گەڕەنتیەکی گرنگ بۆ ئەوەی ناکۆکییە سیاسییەکان نەگوازرێنەوە بۆ ناو دامەزراوە چەکداریەکان. بەمەش متمانەی هاووڵاتیان بە حکومەت و دامەزراوەکانی هەرێم زیاد دەکات و ئاسایش و سەقامگیریی ناوخۆیی، کە بنەمای گەشەپێدان و پێشکەوتنی ئابوورییە، زیاتر پارێزراو دەبێت.

سوود و کاریگەری ئەم هەنگاوە لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان تێدەپەڕێت. هەر کات باشووری کوردستان خاوەنی دامەزراوەی بەهێز، سەقامگیریی سیاسی و بڕیارێکی یەکگرتوو بێت، دەتوانێت بە سەنگ و توانای زیاترەوە پشتیوانی سیاسی و دیپڵۆماسی لە ماف و داواکارییە ڕەواکانی نەتەوەی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان بکات.

یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە هەروەها پەیامێکی نەتەوەیی ڕوونی بۆ ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوا و باکووری کوردستان هەیە. جیاوازیی سیاسی نابێت ببێتە هۆی دابەشبوونی هێز و بڕیاری نەتەوەیی. یەکڕیزی بە مانای سڕینەوەی جیاوازییەکان نییە، بەڵکو بە مانای ڕێکخستنی ئەو جیاوازییانەیە لەژێر چەتری بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی.

لە پەیوەندی دەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بوونی هێزێکی یەکگرتوو و پیشەیی، هەرێمی کوردستان دەکاتە هاوبەشێکی زیاتر جێی متمانە. وڵاتان و هاوپەیمانان دەتوانن لەگەڵ یەک ناونیشانی فەرمی، یەک زنجیرەی فەرماندەیی و دامەزراوەیەکی بەرپرسیار مامەڵە بکەن. ئەمە دەرگای بەردەوامیی ڕاهێنان، پشتیوانیی تەکنیکی، هاوکاریی ئەمنی و هاوبەشیی ستراتیژی زیاتر دەکاتەوە.

پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعشدا بە خوێن و قوربانی، ڕێز و متمانەیەکی گەورەی نێودەوڵەتی بەدەستهێنا. یەکخستنەوە دەتوانێت ئەو ڕێزە مەیدانییە بگۆڕێت بە سەرمایەیەکی درێژخایەنی سیاسی و دیپلۆماسی بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ پرسی کورد بە گشتی. جیهان کاتێک بە جدی گوێ لە داواکارییەکانی نەتەوەیەک دەگرێت کە خاوەنی دامەزراوەی بەرپرسیار، بڕیاری یەکگرتوو و توانای پاراستنی خۆی بێت.

لە پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عێراق، یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە دەبێتە بنەمای مامەڵەی دامەزراوە لەگەڵ دامەزراوە. کاتێک بەغدا لەگەڵ یەک وەزارەت و یەک فەرماندەییی فەرمی مامەڵە دەکات، ڕێککەوتن لەسەر هاوکاریی ئەمنی، پڕکردنەوەی بۆشاییەکانی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق، پاراستنی ناوچە جێناکۆکەکان و چارەسەرکردنی پرسی بودجە، مووچە، چەک و تەجهیزات ڕوونتر دەکات و جێبەجێکردنیان ئاسانتر دەبێت.

هەروەها ئەم یەکخستنە پێگەی دانوستانی هەرێمی کوردستان بەرامبەر بەغدا بەهێز دەکات و دەرفەتی سوود وەرگرتن لە دابەشبوونی ناوخۆیی کورد کەم دەکاتەوە. هێزێکی یەکگرتووی پێشمەرگە، لە چوارچێوەی دەستوور و سیستەمی فیدراڵیدا، هەڕەشە بۆ عێراق نییە؛ بەڵکو بەشێکی گرنگە لە پاراستنی هاوبەشی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە.

لەگەڵ ئەو دڵخۆشی و پشتیوانییە، پێویستە جەخت لەوە بکرێتەوە کە ڕاگەیاندنی یەکخستن کۆتایی ئەرکەکە نییە؛ بەڵکو دەستپێکی قۆناغێکی نوێ و هەستیارترە. بۆ پاراستنی ئەم دەسکەوتە پێویستە هەموو فەرمان و بڕیارە سەربازییەکان تەنها لە ڕێگەی دامەزراوە دەستوورییەکانەوە دەربچن؛ سیستەمی بودجە، مووچە، پلەبەندی، ڕاهێنان و گەشەپێدانی پیشەیی یەکسان بێت؛ چاودێریی یاسایی، مەدەنی و پەرلەمانی جێگیر بکرێت و پێشمەرگە لە هەر جۆرە ملمڵانێ و دەستێوەردانی حیزبی بپارێزرێت.

پارتی سەربەخۆیی کوردستان پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ یەکخستنەوە و بە نیشتمانی‌کردنی هێزەکانی پێشمەرگە ڕادەگەیەنێت و داوا لە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان دەکات، ئەم دەسکەوتە مێژووییە وەک سامانێکی هاوبەشی نەتەوەیی بپارێزن و نەهێڵن جارێکی دیکە بکەوێتە ژێر کاریگەریی ملمڵانێی حیزبی.

سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان؛

ڕێز و پێزانین بۆ پێشمەرگە قارەمانەکان؛

پیرۆز بێت یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.

پارتی سەربەخۆیی کوردستان

٢٢ی خەرمانانی ٢٠٢٦ی کوردی

١٣ی سێپتامبری ٢٠٢٦ی زایینی

بابەتی پێشوو٨٤ کاندیدی کورد لە هەڵبژاردنی ٢٠٢٦ی سوید؛ بەشدارییەکی فراوان لە پەرلەمان، هەرێم و شارەوانییەکان
بابەتی دواترسیمیناری «باشان» لە فەڕانسە بەڕێوە دەچێت

2 کۆمێنتەکان

Leave a Reply