بەیاننامەی هاوبەش بە بۆنەی چوارەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی ژینا

ڕێکەوتی بڵاوکردنەوە

کوردی
23 خەرمانان 2726
کۆچی هەتاوی
23 شهریور 1405
میلادی
کۆچی مانگی · ئوم‌القورا
٢ ربيع الآخر ١٤٤٨
وەرگێڕانی بابەت Translate

وەرگێڕانی ماشینی لە Google Translate، لە پەنجەرەیەکی نوێدا دەکرێتەوە؛ وەرگێڕانی فەرمی نییە. دەقی سەرەکی سەرچاوەیە.

بۆ زمانەکانی تر، لە پەڕەی Google Translate زمانی وەرگێڕان بگۆڕە.

هاوبەشکردن

لە چوارەمین ساڵوەگەڕی ڕاپەڕینی ژینا دا ، پارتی سەربەخۆیی کوردستان، پارتی سەربەستیی کوردستان و ڕێکخراوی خەباتی شۆڕشگێڕی کوردستان یادی ژینا و هەموو ئەو ژن و پیاوانە بەرز و بەڕێز ڕادەگرن کە لە خەبات بۆ ئازادی، کەرامەتی مرۆڤ و ڕزگاریی سیاسی ژیانیان بەخت کردووە.

شەهیدکرانی ژینا ئەمینی لە خەرمانانی ٢٧٢٢ ی کوردی تەنیا ڕووداوێکی تاکە کەسی نەبوو، بەڵکوو دەربڕینی قەیرانێکی قووڵی سیاسی و نەتەوەیی بوو کە نیشاندەر و درێژەی سیاسەتێکی کۆن و بەردەوامی ڕژیمە کە دەیان ساڵە لە کوردستان بەردەوامە.
لە کوردستانەوە «ژن، ژیان، ئازادی» بوو بە ناونیشانی ڕاپەڕینێک کە دواتر بۆ ناوچەکانی دیکەی غەیرە کوردیش پەلی هاویشت، گەشەی ستاند و پرسی ئازادیی ژن، سەروەریی سیاسی، سەربەخۆیی و مافی نەتەوەکان بۆ دیاریکردنی داهاتووی خۆیانی خستە ناوەندی گفتوگۆ و خواست و داواکاریی نەتەوە خاک داگیرکراوەکانی ناو جوغڕافیای دەستکرد و ساختەی ئێران.

ئێمە لەو باوەڕە داین کە  داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نابێت دیسان بکەوێتە ژێر سایەی چارەسەرە کاتی و ناتەواوەکان.
خەباتی حەفتا، هەشتا ساڵەی خەڵکی ڕۆژهەڵات لە هەر چوارچێوەیەکی سیاسییدا بێت،نابێ بە فیڕۆ بدرێ و پێویستە مافی نەتەوەیی و ئیرادەی سیاسیی خەڵکی کوردستان بەڕوونی پارێزراو بێت. ئەزموونی ئەمڕۆی ڕۆژاوای کوردستان بۆ ئێمە پەیامێکی جیددییە کە هیچ دەستکەوتێکی سیاسی نابێت بەبێ گەرەنتیی ڕوونی حاکمییەت و مافی بڕیاردانی سیاسی و نەتەوەیی پشتگوێ بخرێت.

خوێنی ژینا و هەموو ئەو «ژینا»یانەی کە لە ڕێگای ئازادی گیانیان بەخت کرد، نابێت بەفیڕۆ بچێت. لە ڕوانگەی ئێمەوە، سەربەخۆیی، حاکمییەت، سەروەریی سیاسی و مافی دیاریکردنی چارەنووس بنەمای ڕزگاریی نەتەوەی کوردن لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی داگیرکەر و لە هەر شێوەیەکی دیکەی سەپاندنی حاکمییەت بەسەر کوردستاندا.

گۆڕانکارییە خێرا و بنەڕەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەتوانن، ئەگەر بە هۆشیاری و خوێندنەوەی دروستی سیاسی مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، دەرفەتێکی نوێ بۆ نەتەوە بێدەوڵەتەکان و ئەو گەلانە دروست بکەن کە خاک و ئیرادەی سیاسییان لە ژێر دەسەڵات و داگیرکاریی دەوڵەتانی ناوچەدا ماوەتەوە.
لە وەها قۆناغێکدا، هاوئاهەنگی و یەکڕیزیی نێوان هێز و ڕەوتە سیاسییە کورد و کوردستانیەکان گرنگتر لە هەر کاتێکی دیکەیە، چونکە دابەشبوون دەتوانێت دەرفەتە مێژووییەکان لاواز بکات و یەکڕیزی دەتوانێت توانای سیاسیی کورد لە بڕیاردانە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا بەرز بکاتەوە.

ئێمە باوەڕمان وایە هیچ داهاتوویەکی دادپەروەرانە بەبێ داننان بە ئیرادەی سیاسیی خەڵکی کوردستان و مافی ئەوان بۆ دیاریکردنی داهاتووی خۆیان دروست نابێت.

پارتی سەربەخۆیی کوردستان

ڕێکخراوی خەباتی شۆڕشگێڕی کوردستان

پارتی سەربەستیی کوردستان

٢٣ی خەرمانانی ٢٧٢٦ی کوردی

١٤ی سێپتامبری ٢٠٢٦ی زایینی

بابەتی پێشووسیمیناری «باشان» لە فەڕانسە بەڕێوە دەچێت
بابەتی دواتربەشی یەکەم: مڵەی برایەتی گەلان و شۆڕشە مەزنەکەی ڕۆژاوای کوردستان.

1 لێدوان

Leave a Reply