بەشی یەکەم: مڵەی برایەتی گەلان و شۆڕشە مەزنەکەی ڕۆژاوای کوردستان.

ڕێکەوتی بڵاوکردنەوە

کوردی
23 خەرمانان 2726
کۆچی هەتاوی
23 شهریور 1405
میلادی
کۆچی مانگی · ئوم‌القورا
٢ ربيع الآخر ١٤٤٨
وەرگێڕانی بابەت Translate

وەرگێڕانی ماشینی لە Google Translate، لە پەنجەرەیەکی نوێدا دەکرێتەوە؛ وەرگێڕانی فەرمی نییە. دەقی سەرەکی سەرچاوەیە.

بۆ زمانەکانی تر، لە پەڕەی Google Translate زمانی وەرگێڕان بگۆڕە.

هاوبەشکردن

بەشی یەکەم

نووسینی: پەڕەژاڵ کوردی

لە دوای شەڕی جیهانیی دووهەم و پەیمانە نگریسەکەی سایکس پیکۆ نەتەوەی کورد سەدەیەکی پڕ لە خەبات و دەریایەک خوێن و فیداکاری و چەندین  کەوتن و هەڵسانەوەی دەرباز کرد .
تازە خەریک بوو تروسکایی ڕووناکی لە ئاسۆی مێژوومان خۆ بنوێنێ .
گەر ئاگامان لە خۆمان نەبێ ئەزمونی ڕابردوو نەکەینە مەشخەڵی ڕێی داهاتوو، دەچینەوە سەر هەمان هەڵدێری کۆن و مێژوومان لێ دووبارە و چەند بارە دەبێتەوە .

وەک لە مێژوودا دەبینرێت کورد ئەرکی ڕزگاریی نیشتمانی و خەونی دەوڵەتی سەربەخۆی هەمیشە لە مێشکدا هەڵگرتوە .

 لە هەرکات و زەمەنێکدا هەلی بۆ ڕەخسابێت خەباتی کردووە ، هاتوەتە مەیدان و سڵی لە گیانفیدایی نەکردووە، لەو پێناوەدا خەباتی کردوە و خوێنی داوە، هەمیشەش لە مەیدانی شەڕ  و فیداکاریدا کەمی نەهێناوە دوژمنی تا ڕادەی بەچۆکدا هێنان لاواز کردووە .

 هەر کاتیش هەستیان کردووە لە ئامانج نزیک بوینەتەوە بەداخەوە دوژمن توانیویەتی بە هۆی دڵسافی ، مرۆڤدۆستی و خۆشباوەڕی بیکێشێتە سەر مێزی دانوستان و  بە وادەی درۆ و بریقەدار فێڵیان لێ کردووین .

بە هوی نەبوونی سەرکردایەتیەکی بەتوانا و خوێندنەوەی هەڵە لە ڕووداوەکان و نەبوونی دووربینیەکی نەتەوەیی و نەبوونی هێزی بریاردان لە کاتی گونجاو، هەموو بەرهەمی چەندین ساڵ خەبات و خۆڕاگری گیان بەختکردوانمان لە دەست چووە، ڕیسمان لێ بووەتەوە بە خوری، دەستمان لە بنی هەمبانە بوەتەوە و دیسانەوە بیسمیللا خۆ ئامادە کردن بۆ شۆڕشێکی تر و ماڵوێرانیەکی تر .

ئەمەش بە تایبەت لە دوای شەڕی جیهانی دووهەم و مێژووی دامەزرانی حیزبی نوێ و هاوچەرخ لە ژێر کارتێکەری ڕاستەوخۆی بەرەی سۆسیالیستدا بۆ پاراستنی یەکیەتیی سۆڤیەت لە پارچە پارچە بوون کە ١٦ نەتەوەی سەرەکی کە لە یەک جوغرافیادا کۆ کردبوەوە دەستی بەسەر سامانی هەمواندا گرتبوو  .

لە کوردستاندا هەوڵ درا ڕێڕەوەی بیری نەتەوەیی بە لاڕێدا ببری و ناسیۆنالیسم وەک بیرۆکەیەکی بڤە و دژی مرۆڤایەتی بناسرێت و کمۆنیست و سۆسیالیستمان لێ بکەنە فریادڕەس .
وڵات خۆشەویستی و نیشتمان خۆشەویستی و کوردایەتی و سەربەخۆیی خرایە خانەی ئەو ناسیۆنالیزمە کە لێیان کردبووینە شەیتان و دژە مرۆڤ .

هەر بەم هۆکارە هەوڵیاندا مێژووی حیزبە سەربەخۆخوازەکان لە نێو مێژووی حیزبە دیمۆکراسیخوازەکاندا بتوێننەوە. نیشانەی نووکی خەباتی نەتەوەیی و ڕزگاریی نەتەوەیی گۆڕا بۆ خەباتی دیمۆکراسی خوازی و خەبات لە پێناو دیموکراتیزە کردنی داگیرکەرانی نیشتمان، ئەویش تەنیا هیوا بوو بەڵکە دوژمن ئەم خۆشخزمەتیەی لەبەرچاو بێت و چەند مافێکی سەرەتاییمان لە  ژێر چاودێری خۆیدا پێ ڕەوا ببینێت .

ئاکامی ئەم جۆرە لە خەباتیش دوای زیاتر لە هەشتا ساڵ ، بڕوایان پێ نەکردووین و نەکەوتینە بەر لوتف و مەرحەمەتیان .

لە کاتێکدا دینەمۆی ئەم جۆرە لە خەباتیش هەر هەستە نەتەوایەتیەکە بوو، هەموویان بە ناوی کوردستانەوە کاریان کردوە و هەریەکە وشەیەکی کوردستانی بە کۆتایی ناوەکەیەوە لکاندووە .

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوای پێشەوای نەمر و کۆمارەکەی،  لە کوردستانی سور  دوای هەڵوەشاندنەوە و لە ناو بردنی،کە هەردوکیان کەوتنە بەر پاشقولی چەپ و کۆمونیست،لە باکوور و باشوریش  لە دوای ئەوەی پەیمانی سیڤەریان لێ کردین بە لۆزان و کۆتاییان بە شۆڕشەکەی هەر دوو شێخی مەزن لە باکوور و باشوور  هێنا .

لەم ساڵانەی دواییشدا لە دوای نەزانی و سەرەڕۆیی سەدام حسەین  شەڕی کەنداو دەستی پێکرد  و دەسەڵاتەکەی لە لاوازیدا و لە کۆتاییشدا لە دوای هێرشی ئامریکا خۆی بۆ نەگیرا و رووخا و دیسان هەلێکی دیکە هەڵکەوتەوە .

حاکمی مەدەنیی ئەمریکا لە عێراق دیاری کرا.

 بە هۆی لاوازی ، بێ سەرەوبەرەیی و بێ بنەمایی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی و ناکۆکی قووڵ و لە مێژینەی بەرەی شیعە و سوننە لە عێراقدا پاشاگەردانی باڵی بەسەر ئەم ئۆپۆزیسیۆنە لاوازە دا کێشا .

 کورد کە لەو کاتەدا بە بەراورد عەڕەبەکان و نەتەوەکانی تر لە عێراقدا  تاکە ئۆپۆزیسیۆنی کارا و بەئەزمون و ڕیکخراو بوو، بووە جێی سەرنجی ئەمریکا، کەڵکیان لەو هەلە وەرگرت و بە ناچاری سیستەمی فیدراڵی لە عێراق لەو کاتەدا جێگر و پێڕەو کرا، کوردستان وەک هەرێمێکی نیمچە سەربەخۆ دەستی بەکار کرد .

لە ئێراقدا هەرێمی کوردستان بووە چەقی هاتووچۆ و چالاکیە دیپلوماسیەکان،کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکان بە هیواوە ڕویان تێکرد، کۆمپانیا نەوتیەکان پێشبڕکێیان بوو بۆ واژۆ کردنی گرێبەستی وەبەرهێنان.

وڵاتانی دراوسێش هەرچەن ئەم هەرێمە چقڵی چاویان وەک هەڕەشە بۆ داهاتوی تەکپارچەییان دەیانبینی بە ناچاری کەوتنە پێوەندی لەگەڵیان.

لە باکووری کوردستان لە ژێر گوشاری خەباتی چەکداری چەندین ساڵەی گریلاکانی پکک گەشەی کرد، لە ژێر دروشمی سەربەخۆیی کوردستانی گەورە گەشەی کرد و دواییش داکشان بۆ بیرۆکەی کۆمەڵگای دیموکراتیک و کۆنفدرالیسمی دیموکراتی و هەرچەن بە تەواوی لە بیری کوردستانی دور کەوتبوەوە هێشتا تورکیا باوەری پێ نەدەکرد .
تورکیا ترسی لێ نیشتبوو ناچار ببوو تا ڕادەیەک ڕێگا بۆ خەباتی مەدەنی بکاتەوە .
هەدەپ شۆڕشێکی مەدەنیی بەربڵاوی لە باکوور وەڕێ خستبوو، بەربەستی بۆ هەڵبژاردنەکانی تورکیای تێپەڕاندبوو، سەرکەوتنێکی مەزن و بەرچاوی لە هەڵبژاردنی شارەوانیەکان و پەرلمانی تورکیا تۆمار  کردبوو، بۆ یەکەم جار هەشتاو پێنج پەرلمانتاری چووبوونە پەرلمانەوە،چالاکی ، بوێری و هاواری پارلمانتارانی کورد لە پێناو مافە نەتەوەییەکانیان لە ناو هۆڵی پەرلمانی تورکیادا لە گوێی کاربەدەستانی تورکدا دەزرینگایەوە و هیوای بۆ کورد زیندوو دەکردەوە .

پەرلمانتاری کورد و دیارترینەکانیان وەک دەمیرتاش و عوسمان بایدەمیر ، لەیلا زانا و ئەحمەد تورک بوونە سەمبولی ئازایەتی و خەبات لە پێناو ڕزگاری کوردستاندا و هیوایان لەسەر هەڵدەچنرا.

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش پارتە کوردیەکان هەرچەن بە کردەوە و لە پێناو بەرژەوندیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کەمپنشین کرابوون بەڵام چاوەڕیی هەلی گونجاویان دەکرد و هێشتا لە ڕۆژهەڵات جێگای باوەڕ بوون .

لە ڕۆژاوای کوردستانیش لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١١ کاتێک گێژەڵووکەی بەهاری عەڕەبی گەیشتە سوریا و پایەکانی دەسەڵاتی چەند ساڵەی بەعسی هێنایە لەرزە، پارتی یەکیەتی دیموکرات لە ڕۆژاوای کوردستان کە لە ساڵی ٢٠٠٣ لە ژێر کاریگەری بیرۆکەکانی ئوجالان و ئامانجی کونفدرالیسمی دیموکراتیک دامەزرابوو.

بە هۆی قەدەغە بوونی تەواوی چالاکی پارتە کوردیەکان لە ژێر دەسەڵاتی حیزبی بەعسی سوریا ئەندامانی توشی گرتن و ئەشکەنجەی زۆر ببوون و بەشیکیان بە ناچاری پەرتەوازەی هەندەران ببوون، ئەوانی تریش لە دۆخێکی یەکجار سەختدا چالاکیان لەگەڵ ئەم زەبروزەنگەشدا لەئاڵۆزییەکانی ساڵی ٢٠٠٤ی قامیشلو دەوری باشیان گێڕا و ڕێکخستنە نهێنیەکەنیان چالاک کردەوە و ڕۆڵی کاریگەریان لە ڕێکخستنە جەماوەریەکابی دژی  دەسەڵاتی ناوەندی گێڕابوو.

ئەوان نە چوونە بەرەی چەکدارانی ئوپوزسیونی سوریای ژێر کۆنترۆڵی تورکیا و نە بە ئاشکرا  چوونە پاڵ دەسەڵاتی ئەسەدیش، بەڵام لە ژێر کارتێکەری پکک پێوەندیان لەگەڵ دەسەڵاتەکەی ئەسەد نەپچڕاندبوو  وەک لایەنی سێیەم مانەوە.

ساڵی ٢٠١٢ ئەو کاتەی دەسەڵاتی ناوەندی کەوتە دۆخێکی خراپەوە و ناچار بوون شارە کوردیەکان چۆڵ بکەن بە پێی ڕێکەوتنێکی نهێنی بە یارمەتی هێزێکی پکک کە ڕێی گەڕانەوەیان لە قەندیل بۆ ئاسان کرابوو دەسەڵاتی ناوچە کوردیەکانیان گرتە دەست و لە سێ کانتۆندا دەسەلاتی خۆسەریان ڕاگەیاند.

تورکیا ئەم دەسەڵاتە خۆسەرەی بە مەترسیەکی گەورە بۆ سەر خۆی دەبینی،هەر ئەوەش  بووە هۆی ئەوەی تورکیا بە هەموو توانایەوە یارمەتی داعش و ئوپوزسیونی سوریەی سەر بە دەسەڵاتی تورکیا بدات بۆ بەرنگار بوونەوەیان.

داعش لە ڕۆژی ١٦ی سپتەمبری ٢٠١٤ هێرشێکی بەربڵاوی بۆ سەر کۆبانی دەست پێکرد و لە ماوەیەکی کەمدا  زیاتر لە ٣٠٠ گوندیان گرت و لە دەروازەی شار نزیک بوەوە، دڕندەیی و تاوانی زۆریان ئەنجامدا، زیاتر لە دوسەد هەزار خەڵکی سڤیل ماڵ وحاڵیان جێ هێشت و خۆیان گەیاندە سنورەکانی تورکیا .

یەکینەکانی پاراستی گەل و یەکینەکانی پاراستنی ژنان بەوپەڕی لەخۆبردوویی و گیانفیداییەوە مێژویەکیان تۆمار کرد کە تا ئەو کاتە جیهان بەخۆیەوە نەدیبوو، شیرە کچان و کۆڕانی شەڕوانی کورد بوونە کابووسی داعش و تاریک پەرستانی دژ بە مرۆڤایەتی،بوونە قەڵغانێک کە پاراستنی مرۆڤایەتیان  وە ئەستۆ گرت .

چاوی دنیایان کەوتە سەر، زۆمی کامێراکان هەموو ڕویان کردە کۆبانی، کچانی کورد بوونە سومبولی بەرگری، واتایەکی تریان بە وشەی ژن بەخشی، لە هەمانکاتدا یەکیەتیەکی نەتەوەیی ئەوتۆی لە نێو کوردان هێنایە کایەوە کە هەر تاکێکی کورد خۆی بە بەشێ لە کۆبانی دەزانی .

 هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ یارمەتی براکانیان خۆیان گەیاندە کۆبانی، کە ئەمە هەنگاوێکی کەم وێنە بوو لە مێژوی خۆیدا، بناغەی یەکیەتیەکی نەتەوەییی بە کردەوە چەکەرەی کرد و ڕەوەندی کوردی لە دەرەوەی وڵات بە یەکگرتووییەکی تەواوەوە کەوتنە گەڕ، شەو و ڕۆژیان خستە سەر یەک، نیگای دونیا و هاوپەیمانی دژە داعیشی لە پێوەندی لەگەڵ پ ی د گۆڕی و بەردی بناغەی قبوڵ کردنی پ ی د لە لایەن هاوپەیمانی نێونەتەوەیی دژی داعش دانرا .

هیواکان گەڕانەوە و هێزی هاوپەیمانان یارمەتیان گەیاندە پ ی د .

پ ی د بووە بەشێک لە هاوپەیمانی، ئەم سپا تۆکمە و پۆشتە و پەرداخە بە یارمەتی هێزی ئاسمانیی هاوپەیمانان کۆڵەکەی خەلافتی داعشیان هێنایە لەرزە . ڕەققەی پایتختی خەلافەت و دێرەزور و نزیکەی دوو لە سەر سێی کۆی خاکی بە ناو سورییان کەوتە ژێر دەسەڵات .

بەردەوامی ئەم ڕێگایە بۆ پ ی د  ئاسان نەبوو. پ ی د تا ئەو ڕادەیە لە ژێر کاریگەری پکک دا بوو کە دەتوانین بڵین لە قەندیلەوە فەرمانیان وەردەگرت. پککەش لە لایەن هاوپەیمانانەوە لە لیستی تیرۆردا بوو و وەک باڵیکی هیلالی شیعی هاوپەیمانی ئێران دەناسرا.

 ئەمەش هۆکار بوو بۆ دەست ئاواڵەیی تورکیا بۆ دژایەتی کردنی پ ی د تازە بە هاوپەیمان وەرگیراو و تا ڕادەیەک بێدەنگی و  بێ هەڵوێستیی هاوپەیمانان بەرانبەر بە تورکیا.

هاوپەیمانان و خەمخۆران و دڵ سۆزانی ڕزگاریی خاک و نیشتمانی کوردستانیش هەر یەکە بە شێوەی خۆی هەوڵی ئەوەیان دەدا پ ی د لە هەستیاریی قۆناغەکە ئاگادار بکەنەوە .

لەگەڵ ڕوخانی دەسەڵاتەکەی ئەسەد و بەجێهێشتنی سوریا و هاتنە سەر کاری دەسەڵاتێکی دژە ئێران کە وادیار بوو هەر پێش هاتنە دەسەڵات دەستەمۆ کرابوو، جەختی چالاکی سەربازی ئامریکا و کەوتنی سەری هیلالی شیعی و قرتاندنی پەلوپۆی پروکسیەکانی ئێران لە عێراق ،سوریە و لوبنان کە ئەمەش بە دڵی پکک نەبوو.

هەموو ئەم رووداوانەش لە سەروبەندی کۆتایی هاتنی پەیمانی سایکس پیکۆ بوو کە تورکیا زیاتر لە پەنجا ساڵە لە خۆ ئامادەکردندایە و کاری بۆ دەکات  کە لە ئەگەری داڕشتنەوەیەکی نویی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناویندا ، چۆن بەرگری لە بە ئامانج گەیشتنی کوردستان بکات و چۆن تورکیا لەم بومەلەرزەیە کە چاوڕێی دەکرێت بپارێزێت .
مرخیان لە موسڵ و کورکۆک خۆش کردبوو کە بیانگەڕێنێتەوە سەر نەخشەی تورکیا و خەونی گەڕانەوە بۆ دەسەڵاتی ڕەهای ئیمپراتوری عوسمانیان لەسەردا بوو، ئەمەش لە لێدوانەکانی سەرۆک کۆماری تورکیا و سەران و کاربەدەستانی تورکیاشدا بە ئاشکرا دەبینرا و دەبیسترا.

لەم قۆناغەی مێژوودا وا دیار بوو کە ئاڵوگۆڕەکان لە بەرژەوەندیی کورد بوو، بۆیە خەوی لە چاوی کاربەدەستانی تورکیا زڕاندبوو.

لەلایەکەوە تورکیا لەگەڵ ئەوەی ئەندامی ناتۆ بوو  لە هەمانکاتیشدا ببووە کاناڵی یارمەتی لوجستیکی و تاکە ڕێگای دابین کردنی هێزی ئینسانی بۆ یارمەتیدانی داعش، کە لەو کاتەدا هەڕەشەیەکی گەورە بوو لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئامریکا و هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کۆمەڵگای مرۆڤایەتی.

 هێزەکانی هەسەدەش بە یارمەتی هاوپەیمانان بەشێکی هەرە زۆری سوریایان کۆنترۆڵدا کردبوو ، هاوپێمانی نێودەوڵەتی دژە تیرۆریش وەک هاوپەیمانێک چاوی لە هەسەدە دەکرد و بە کردەوە ببووە لایەنێک لە ناو هاوپەیمانیدا.

لە لایەکی تریشەوە ئەمریکا لە گەڵ هاوپەیمانەکانی هەوڵێکی زۆریان دا وڵاتانی عەرەبی و دیارترینیان سعودیە و ئیمارات و قەتەر لە گەڵ ئیسرایل لە پەیمانی ئیبراهیمدا کۆ بکاتەوە و تا دەهات پەیمانی ئیبراهیمی وڵاتانی زیاتری  لەخۆ دەگرت. ئەمە لە خۆیدا دوژمنایەتی عەرەبی لەگەڵ ئیسرایل بەرەو دۆستایەتی و هاوپەیمانیەکی ئیستراتیژی دەبرد و خەونی تورکیا کە دیویست سەرکردایەتی وڵاتانی ئیسلامی سوننە لە ژێر دەستی سعودیە دەربێنێت لە گۆڕ دەنا .

بەرەی مقاومەی ئێران و چڵ و پۆپەکانی لە فلستین و لوبنان و یەمەن و ئێراق لە ژێر گوشارێکی سەخت دابوون.

درێژەی هەیە…

تێبینی: پارتی سەربەخۆیی کوردستان تەنیا لەو وتارانە خۆی بە بەرپرسیار دەزانێ کە بە ناوی پارتیەوە بڵاو دەبنەوە و بڵاو کردنەوەی بابەتی تر بە مانای پەسەند کردنی ناوەرۆکی ئەو بابەتانە نییە.

بابەتی پێشووبەیاننامەی هاوبەش بە بۆنەی چوارەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی ژینا
بابەتی دواترپەیامی هاوخەمی بۆ مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی حیزبی شیوعیی کوردستان

Leave a Reply