بەڕێز سەلاح سوڵتانپەنا، ئەندامی دەفتەری سیاسیی پارتی سەربەخۆیی کوردستان، لە سمیناری ئۆسلۆ دا بەشداری کرد کە بە بۆنەی چوارەمین ساڵوەگەڕی ڕاپەڕینی ژینا و لەژێر ناونیشانی «داهاتووی ئێران: مافە نەتەوەییەکان و مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوە نافارسەکان» بەڕێوەچوو.
لە پەراوێزی بەرنامەکەدا، سوڵتانپەنا لەگەڵ چەندین کەسایەتی و نوێنەری سیاسی، بە تایبەتی ئێریک سەلە، نوێنەرانی ئەحواز و بەلووچستان و هەروەها پارتی سەربەستیی کوردستان دیداری کرد و ڕاوبۆچوونیان لەبارەی دۆخی سیاسی و داهاتووی ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرد.
ڕۆژی ١٦ی سێپتامبری ٢٠٢٦، لە ئۆسلۆی پایتەختی نۆروێژ، ڕێکخراوی دۆستایەتی جیهانی کوردستان ـ World Kurdish Friendship Association (WKFA) ـ سمینارێکی بەڕێوەبرد.
ڕێکەوتی بەرنامەکە هاوکات بوو لەگەڵ چوارەمین ساڵیادی مەرگی ژینا ئەمینی لە ١٦ی سێپتامبری ٢٠٢٢؛ ڕووداوێک کە دوای ئەوە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە بەرفراوانەکانی «ژن، ژیان، ئازادی» دەستی پێکرد.
لەسەر بانگهێشتی بەڕێوەبەرایەتی ڕێکخراوی دۆستایەتی جیهانی کوردستان، پارتی سەربەخۆیی کوردستان بەشداریی بەرنامەکەی کرد. بەڕێز سەلاح سوڵتانپەنا، ئەندامی دەفتەری سیاسیی پارتی سەربەخۆیی کوردستان، لەم سمینارە دا بەشدار بوو.
لە بەشی پرسیار و وەڵامدا، سوڵتانپەنا لە پێوەندی بە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆنفرانس، بە تایبەتی مافە نەتەوەییەکان و مافی دیاریکردنی چارەنووس، ڕوانگەی پارتی سەربەخۆیی کوردستانی خستەڕوو.
ئەم بەشەی کۆنفرانسە دەرفەتێک بوو بۆ ئەوەی نوێنەرانی لایەنە جیاوازەکان نەک تەنیا وتاری ئامادەکراو پێشکەش بکەن، بەڵکوو لە ڕێگەی پرسیار و وەڵامەوە جیاوازی و خاڵە هاوبەشەکانی ڕوانگە سیاسییەکانیش ڕوونتر بکرێنەوە.
پانێلی یەکەم؛ کوردستان، ئەحواز و بەلووچستان
سیمینارەکە لە دوو پانێلی سەرەکی پێکهاتبوو. لە پانێلی یەکەمدا، نوێنەرانی کورد، عەرەبی ئەحوازی و بەلووچ سەبارەت بە مافە نەتەوەییەکان، دۆخی سیاسی و مافی دیاریکردنی چارەنووس قسەیان کرد.
بەڕیز عارف باوەجانی سەرۆکی پارتی سەربەستیی کوردستان؛ عەلی شەمەری ئەحوازی لە لایەن بەرەی دیموکراتیکی گەلی ئەحواز و بیژەن میرحەساری لە لایەن بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی بەلووچستان (زرمبەش) وتاریان پێشکەش کرد.
بەو شێوەیە، پانێلی یەکەم لەسەر بنەمای بەشداریی سێ دەنگ و ئەزموونی سیاسی جیاواز ـ کورد، عەرەبی ئەحواز و بەلوچ ـ ڕێکخرابوو و پرسی مافە نەتەوەییەکان لە ڕوانگەی ئەم سێ لایەنە سەربەخۆییخوازەوە خرایە بەرباس.
پانێلی دووەم بە بەشداریی کەسایەتییە سیاسی، میدیایی و ئەکادیمییەکان بەڕێوەچوو.
ئیدی کۆهین (Edy Cohen)، مێژوونووس، توێژەر و شیکەرەوەی میدیایی لە کاروباری جیهانی عەرەب، یەکێک لە بەشداربووان بوو.
ئێریک سەلە (Erik Selle)، سەرۆکی پارتی Konservativt لە نۆروێژ، لە پانێلەکەدا بەشداری کرد.
هەروەها مۆرگان ئالانگە (Morgan Alangeh)، ڕاوێژکاری ئەندێشکدەی نۆروێژی Tankesmien Agenda، لە پانێلی دووەمدا بەشداری کرد
دکتۆر مۆردەخای کێدار (Mordechai Kedar)، توێژەر و مامۆستای زانکۆی Bar-Ilan و توێژەری ناوەندی Begin-Sadat بۆ توێژینەوە ستراتیژییەکان، یەکێکی دیکە لە بەشداربووانی پانێلەکە بوو.
کۆکردنەوەی ئەم کەسایەتییانە لە یەک پانێلدا وای کرد گفتوگۆکە تەنیا لە چوارچێوەی بۆچوونی پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکانی نەتەوە غەیرەفارسەکانی داگیرکراو لە جوغڕافیای دەستکردی ئێرانی دا نەمێنێتەوە و ڕوانگەی سیاسی، ئەکادیمی و میدیایی لە دەرەوەی ئەم ڕێکخراوانەش بخرێتە ناو باسەکە.
دوای پانێلە سەرەکییەکان، بەرنامەکە تەرخان کرا بۆ بەشی پرسیار و وەڵام ، بەڕێز سەلاح سوڵتانپەنا لەم بەشەدا، وەک بەرپرسی پێوەندییە گشتیەکان و ئەندامی دەفتەری سیاسی پارتی سەربەخۆیی کوردستان، بە ڕوانگە و بۆچوونی سیاسیی پارتەکە بەشداریی کرد.
بەشداریی سوڵتانپەنا لە چوارچێوەی ئەو بابەتانەدا بوو کە ناونیشانی سەرەکیی کۆنفرانسەکەی لە سەر پێکهاتبوو، مافە نەتەوەییەکان، مافی دیاریکردنی چارەنووس و شوێن و پێگەی نەتەوە غەیرە فارسەکان لە هەر گفتوگۆیەک سەبارەت بە داهاتووی سیاسیی ناوچەکە.
لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدا، سەلاح سوڵتانپەنا دیدارێکی لەگەڵ ئێریک سەلە، سەرۆکی پارتی Konservativtی نۆروێژ هەبوو.
لە دیدارەکەدا ڕاوبۆچوون لەبارەی بابەتە سیاسییەکانی پەیوەندیدار بە کۆنفرانسەکە ئاڵوگۆڕ کرا. ئەم دیدارە هەروەها دەرفەتێک بوو بۆ ناساندنی ڕاستەوخۆی ڕوانگە و هەڵوێستەکانی پارتی سەربەخۆیی کوردستان بە کەسایەتییەکی سیاسی لە نۆروێژ و دروستکردنی کەناڵی گفتوگۆ بۆ پەیوەندییەکانی داهاتوو.
هەروەها لە پەراوێزی سیمینارەکە دا دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ نوێنەرانی سیاسیی عەرەبی ئەحواز و بەلوچستان کرا.
لەو دیدارانەدا لەبارەی دۆخی سیاسی، مافە نەتەوەییەکان، پەیوەندیی نێوان هێزە سیاسییەکان و ئەو بابەتانەی لە ناو سیمینارەکەدا تاوتوێ کرابوون، قسەیان لە سەر کرا.
هەروەها لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدا لەگەڵ نوێنەرانی پارتی سەربەستیی کوردستان، لەوانە بەڕێز عارف باوەجانی، دیدار و گفتوگۆی چڕ لە پێوەندی بە لێکنزیکبوونەوەی زیاتری دوو لایەن کرا.
لەم دیدارەدا هەر دوو لایەن لەسەر دۆخی سیاسی و بابەتەکانی پەیوەست بە پرسی کوردستان ئاڵوگۆڕی بیروڕایان کرد.
گرینگیی ئەم کۆنفرانسە لەوەدا بوو کە «داهاتووی ئێران» تەنیا لە ڕوانگەی گۆڕینی دەسەڵاتی ناوەندییەوە نەخرایە بەرباس، بەڵکوو پرسی مافە نەتەوەییەکان و مافی دیاریکردنی چارەنووس بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کرایە بەشێک لە گفتوگۆکە.
بۆ پارتی سەربەخۆیی کوردستان، بەشداری بەڕێز سەلاح سوڵتانپەنا لەم سیمینارەدا بەشێک بوو لە بەردەوامکردنی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە کوردستانی، ئەحوازی، بەلوچی و کەسایەتییە سیاسییە نێودەوڵەتییەکان؛ بە تایبەتی لە کاتێکدا کە پرسی مافی دیاریکردنی چارەنووس و شوێنی نەتەوەکان لە هەر پڕۆژەیەک بۆ داهاتووی سیاسی، یەکێک بوو لە تەوەرە سەرەکییەکانی ئەم سمینارە.
بەم شێوەیە، سیمیناری ١٦ی سێپتامبری ئۆسلۆ، جگە لە پانێل و وتارە فەرمییەکان، بووە مەیدانێک بۆ دیدار، ناساندن، ئاڵوگۆڕی دیدگا و پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەنێوان لایەنە سیاسی و کەسایەتییە جیاوازەکان.



