ناهید بوستانی لە سیمیناری چوارەمین ساڵوەگەڕی ڕاپەڕینی «ژن، ژیان، ئازادی»: گۆڕینی ڕژێم بەبێ کۆتاییهێنان بە داگیرکاری بۆ گەیشتن بە ئازادی بەس نییە

ڕێکەوتی بڵاوکردنەوە

کوردی
27 خەرمانان 2726
کۆچی هەتاوی
27 شهریور 1405
میلادی
کۆچی مانگی · ئوم‌القورا
٦ ربيع الآخر ١٤٤٨
وەرگێڕانی بابەت Translate

وەرگێڕانی ماشینی لە Google Translate، لە پەنجەرەیەکی نوێدا دەکرێتەوە؛ وەرگێڕانی فەرمی نییە. دەقی سەرەکی سەرچاوەیە.

بۆ زمانەکانی تر، لە پەڕەی Google Translate زمانی وەرگێڕان بگۆڕە.

هاوبەشکردن

ناهید بوستانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی سەربەخۆیی کوردستان، لە سیمیناری «ژن، ژیان، ئازادی؛ لە ڕاپەڕینەوە تا داهاتوو» کە بە بۆنەی چوارەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی ژینا بەڕێوەچوو، وەک میوان و وتاربێژ بەشداری کرد و بۆچوون و هەڵوێستەکانی پارتی سەربەخۆیی کوردستانی سەبارەت بە مافەکانی ژنان، پێکهاتەی دەسەڵات، پرسی نەتەوەکان و مافی دیاریکردنی چارەنووس خستەڕوو.

سیمیناری «ژن، ژیان، ئازادی؛ لە ڕاپەڕینەوە تا داهاتوو» ڕۆژی دووشەممە ١٤ی سێپتەمبەری ٢٠٢٦، بەرامبەر بە ٢٣ی خەرمانانی ١٤٠٥، بە بۆنەی چوارەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی ژینا و بە هاوکاریی «ڕێکخراوی چالاکانی مافی مرۆڤی ئێران» و «هانای ڕۆژهەڵات» بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوو.

ئەم دانیشتنە بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی چوار ساڵی ڕابردووی ڕاپەڕینی «ژن، ژیان، ئازادی»، سەرکوتی ناڕازییان، دۆخی زیندانیانی سیاسی، ڕۆڵی ژنان، ئەزموونە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەم ماوەیە و دیمەنی داهاتووی ئەم ڕاپەڕینە بەڕێوەچوو.

لەو سیمینارەدا، جیا لە ناهید بوستانی، پوران نازمی، حەمید ئەمینی، هانا مەعاونی، دیاکۆ مەولوودی، غەزال موهتەدی، عەلی ئە‌ڵڵا وەیسی و کەمال خەزریش وەک وتاربێژ بەشدارییان کرد. بەپێی بەرنامەی پێشتر ڕاگەیەنراوی دانیشتنەکە، ئەم کۆمەڵە کەسایەتییە سیاسی، مەدەنی و مافی مرۆییە بۆ تاوتوێکردنی ڕەهەندە جیاوازەکانی ڕاپەڕینی ژینا و گۆڕانکارییەکانی چوار ساڵی ڕابردوو بانگهێشت کرابوون.

ناهید بوستانی: «ژن، ژیان، ئازادی» دەبێت لە چوارچێوەی مێژوویی و سیاسی خۆیدا ببینرێت

ناهید بوستانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی سەربەخۆیی کوردستان، وتارەکەی بە ناونیشانی «ژن، ژیان، ئازادی؛ لە ناڕەزایەتی بەرامبەر مردن تا مافی نەتەوەکان بۆ دروستکردنی داهاتوو» پێشکەش کرد.

لە سەرەتای وتارەکەیدا، لە لایەن پارتی سەربەخۆیی کوردستانەوە سڵاوی لە بەشداربووانی سیمینار کرد و وتی چوار ساڵ دوای مەرگی ژینا ئەمینی و دەستپێکردنی ڕاپەڕینێک کە لە کوردستانەوە بۆ ناوچەکانی دیکە بڵاو بووەوە، بابەتەکە تەنیا بیرخستنەوەی ئەو ڕۆژانە و ڕێزگرتن لە گیانبەختکردووان نییە؛ بەڵکوو پێویستە باس لەوە بکرێ کە ئەم خەباتە چ پرسیارێکی سەبارەت بە پێکهاتەی دەسەڵات، مافەکانی ژنان، پەیوەندی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگا، پرسی نەتەوەکان و داهاتووی سیاسی خستووەتەڕوو.

بوستانی بە جەختکردنەوە لە بناغەی کوردیی دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی» وتی، بیرخستنەوەی سەرچاوەی ئەم دروشمە، لە دیدی ئەوەوە، بە واتای داواکاری خاوەندارێتی لەسەر ئەو دروشمە نییە؛ بەڵکوو بۆ تێگەیشتن لە بنەمای مێژوویی و سیاسیی سەرهەڵدانی ڕاپەڕینەکە  گرنگە.

ئەو وتی ژینا هەم ژن بوو و هەم کورد، و لە دیدی پارتی سەربەخۆیی کوردستانەوە، ئەوەی بەسەری هات دەبێت لە پەیوەندی نێوان کۆنترۆڵی جەستەی ژنان، دەسەڵاتی سیاسیی حکومەت و سنووردارکردنەوەکانی پەیوەست بە ناسنامە نەتەوەیی و کولتوورییەکاندا بخوێندرێتەوە.

بەشداربووان لەبارەی چوار ساڵی ڕابردووی سەرهەڵدانی ژینا قسەیان کرد

وتاربێژانی ئەم دانیشتنە لە گۆشەنیگای جیاوازەوە باس لە چوار ساڵی ڕابردوو، سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان، دۆخی ژنان، زیندانیانی سیاسی، داواکارییەکانی کۆمەڵگا و داهاتووی جوڵانەوەی «ژن، ژیان، ئازادی»یان کرد.

بەشداریی کەسایەتییەسیاسی، مەدەنی و مافی مرۆییە جیاوازەکان وای کرد پرسی خەباتی ژینا و کاریگەرییەکانی لە ڕوانگە جیاوازەکانەوە تاوتوێ بکرێت. تەوەری هاوبەشی بەرنامەکە هەڵسەنگاندنی ئەو ڕێگایە بوو کە لە سێپتەمبەری ٢٠٢٢ەوە تا ئێستا بڕدراوە و ئەو پرسیارانەی کە هێشتا سەبارەت بە داهاتووی ئەم جوڵانەوەیە و پێکهاتەی سیاسی بێ وەڵام ماونەتەوە.

ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی سەربەخۆیی کوردستان لە درێژەی وتارەکەیدا وتی، لە روانگەی ئەم پارتەوە، ئازادیی ژنان ناتوانرێت لە ئازادیی سیاسی و پرسی پێکهاتەی دەسەڵات جیا بکرێتەوە.

ئەو بە ئاماژە بە ژنانی کورد، بەلووچ، عەرەبی ئەحواز، تورک، تورکمان، کاسپین و کۆمەڵگا جیاوازەکانی دیکە وتی، ئەزموونی ژنان لەم کۆمەڵگایانە، تەنیا بە هەڵاواردنی ڕەگەزی سنووردار نابێت و بابەتە زمانی، کولتووری، ئابووری، سیاسی و ئەمنییەکانیش کاریگەرییان لەسەر ژیانیان هەیە.

بوستانی لەسەر ئەم بنەمایە وتی هەر پڕۆژەیەکی سیاسی کە بیەوێت باس لە «ژن، ژیان، ئازادی» بکات، پێویستە جگە لە مافەکانی ژنان، سەبارەت بە داگیرکاری، ناوەندگەرایی دەسەڵات، نایەکسانی نەتەوەیی و مافی دیاریکردنی چارەنووسیش هەڵوێستی ڕوونی هەبێت.

بەشێکی دیکەی وتارەکەی ناهید بوستانی تایبەت بوو بە ڕەنگدانەوەی جیهانیی دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی».

ئەو وتی لە چوار ساڵی ڕابردوودا ئەم دروشمە لە ئاستی جیهاندا ناسرا، بەڵام لە بەشێک لە گوتاری سیاسی، پاشبنەمای کوردیی ئەو و داواکارییە سیاسییەی پەیوەست بە کوردستان خرایە پەراوێزەوە.

بوستانی وتی لە زۆر حاڵەتدا باس لە ژنانی کورد کراوە، بەڵام کاتێک باس گەیشتووەتە کوردستان، مافی دیاریکردنی چارەنووس و ئیرادەی سیاسیی نەتەوەی کورد، جیاوازییە بنەڕەتییەکان لە نێوان هێزە سیاسییەکاندا دەرکەوتووە.

بوستانی وتی: ، قبوڵکردنی فرە نەتەوەیی و  کولتووری ئەوکاتە تەواوە کە کۆمەڵگا جیاوازەکان بتوانن سەبارەت بە مافە سیاسییەکان و داهاتووی خۆیان بە ئازادی گفتوگۆ بکەن و بڕیار لە چارەنووسیان بدەن.

یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی وتاری بوستانی جیاوازی نێوان «گۆڕینی ڕژێم» و «گۆڕین و دەستاودەستکردنی دەسەڵات» بوو.

ئەو وتی لە دیدی پارتی سەربەخۆیی کوردستانەوە، پرسی داهاتوو تەنیا ئەوە نییە کە کام هێز لە تاران دەسەڵاتدار دەبێت، و گۆڕینی ڕژێم ئەگەر بەبێ گۆڕینی پێکهاتەی دەسەڵات و پێداچوونەوە بە پەیوەندی نێوان ناوەند و نەتەوە جیاوازەکان و کۆتاییهێنان بە داگیرکاری  نەبێت، نەتەوە غەیرە فارسەکان ناتوانن بەو ئازادییە ڕاستەقینەیە بگەن.

بوستانی وتی تەنانەت سیستەمێکی سکولار و هەڵبژێردراویش، لە روانگەی پارتی سەربەخۆیی کوردستانەوە، ئەگەر لەسەر ناوەندگەرایی دەسەڵات و یەکسانسازیی ناسنامەیی  و داگیرکاریی خاکی کوردستان و نەتەوە غەیرە فارسەکان دامەزرابێت و مافی بڕیاردانی سیاسیی نەتەوەکانی دیکە بە فەرمی نەناسێت، ناتوانێت هەموو ئەو کێشانە چارەسەر بکات کە ڕاپەڕینی ژینا خستیەڕوو.

بوستانی وتی:  ئەگەر «ژن، ژیان، ئازادی» بڕیارە لە دروشمێکی ناڕەزایەتییەوە ببێتە بنەمایەک بۆ گفتوگۆ لەبارەی داهاتوو، بابەتەکانی وەک شێوەی دەوڵەت، دابەشکردنی دەسەڵات، یەکسانی ژنان و پیاوان، سکولاریزم، فرە نەتەوەیی و مافی دیاریکردنی چارەنووس دەبێت بەشێک بن لەم گفتوگۆیە.

ناهید بوستانی یەکسانیی تەواوی یاسایی، سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی ژنانی بە یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی پارتی سەربەخۆیی کوردستان ناوبرد.

ئەو وتی پرسی ژنان نابێت ببێتە بەشێکی لاوەکی لە بەرنامە سیاسییەکاندا و کۆنترۆڵکردنی جەستە و ژیانی ژنانی بە بەشێک لە میکانیزمی دەسەڵات لە کۆماری ئیسلامیدا وەسف کرد.

ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی سەربەخۆیی کوردستان وتی: ئەزموونی ڕاپەڕینی ژینا پیشانی دا کە پرسی ئازادیی ژنان بە ڕاستەوخۆیی پەیوەستە بە ئازادیی تاک، ئازادیی سیاسی و شێوازی بەکارهێنانی دەسەڵات لەلایەن ڕژیمەوە.

بوستانی بەشێکی دیکەی وتارەکەی تەرخان کرد بۆ پرسی نەتەوە غەیرفارسەکان و مافی دیاریکردنی چارەنووس.

بوستانی لە درێژەدا سەربەخۆیی نەتەوە غەیرفارسەکانی لە چوارچێوەی تێگەیشتنی پارتی سەربەخۆیی کوردستان لە مافی دیاریکردنی چارەنووسدا خستەڕوو و وتی هیچ نەتەوەیەک نابێت بەبێ هەلی بڕیاردانی ئازادانە سەبارەت بە دۆخ و داهاتووی سیاسی خۆی ناچار بکرێت لە ناو پێکهاتەیەکی سیاسیدا بمێنێتەوە.

«داهاتووی کوردستان و جۆری پەیوەندییەکەی لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە دەبێت پێش هەر شتێک بەپێی ئیرادەی ئازادی نەتەوەی کورد و خەڵکی کوردستان دیاری بکرێت.»

بوستانی جەختی کردەوە کە لە دیدی پارتی سەربەخۆیی کوردستانەوە، بنەمای سەرەکی لەم بوارەدا بە فەرمی ناسینی مافی هەڵبژاردن و بڕیاردانی سیاسیی نەتەوەی کوردە.

ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی سەربەخۆیی کوردستان هەروەها جیابوونەوەی ئایین لە دەوڵەتی بە یەکێک لە مەرجە پێویستەکانی پاراستنی ئازادییە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکان دانا.

بەڵام ئەو جەختی کردەوە کە لە دیدی پارتەکەوە، سکولاریزم بە تەنها وەڵامی هەموو کێشەکان نییە.

بوستانی وتی ئەگەر پێکهاتەی ئایینیی کۆماری ئیسلامی لاببرێت، بەڵام پێکهاتەیەکی ناوەندگەرا و یەکسانساز جێگای بگرێتەوە، بەشێکی گرنگ لە کێشەکەی پەیوەست بە دابەشکردنی دەسەڵات و مافەکانی نەتەوەکان هەر دەمێنێتەوە.

بوستانی لە بەشی کۆتایی وتارەکەیدا وتی مانای سیاسیی «ژن، ژیان، ئازادی» دەتوانرێت لە مافی مرۆڤ و نەتەوەکان بۆ بڕیاردان سەبارەت بە ژیان و داهاتووی خۆیاندا بدۆزرێتەوە.

ئەو ئازادیی ژنان، ئازادیی بیرکردنەوە، ئازادیی سیاسی و مافی دیاریکردنی چارەنووسی لە پەیوەندی لەگەڵ یەک پرسیاری هاوبەشدا خستەڕوو: کە کێ مافی هەیە سەبارەت بە ژیانی تاکەکان و داهاتووی کۆمەڵگاکان بڕیار بدات؟

هەروەها بوستانی داوای لە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن کرد لە سنووری پرسی گۆڕینی حکومەت تێپەڕن و سەبارەت بە ناوەندگەرایی دەسەڵات، مافەکانی ژنان، پرسی نەتەوەکان، سکولاریزم و شێوەی پەیوەندیی سیاسی نێوان کۆمەڵگا جیاوازەکان هەڵوێستی خۆیان ڕوون بکەنەوە.

لە کۆتاییدا وتی لە روانگەی پارتی سەربەخۆیی کوردستانەوە، داهاتوویەکی ئازاد ئەوکات مانای هەیە کە ژنان خاوەنی مافی یەکسان بن، تاکەکان بەهۆی بڕوا یان ناسنامەیانەوە نەخرێنە ژێر فشار و نەتەوەکانیش بتوانن بە ئازادی سەبارەت بە چارەنووسی سیاسی خۆیان بڕیار بدەن.

بوستانی وتارەکەی بە یادی ژینا ئەمینی و گیانبەختکردووانی ڕاپەڕینەکە کۆتایی پێهێنا و وتی زیندوو راگرتنی میراتی «ژن، ژیان، ئازادی» پێویستی بە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە سیاسی و کۆمەڵایەتییانە هەیە کە ئەم خەباتە خستوونیەتەڕوو.

بابەتی پێشووپەیامی هاوخەمی بۆ مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی حیزبی شیوعیی کوردستان
بابەتی دواترسەلاح سوڵتانپەنا لە سمیناری ئۆسلۆ؛ مافی نەتەوەکان و دیاریکردنی چارەنووس

1 لێدوان

Leave a Reply