پاریس: سکرتێری گشتیی پارتی سەربەخۆیی کوردستان، لەگەڵ وەزیری کولتوور و بەرپرسانی کاتالۆنیا کۆبووەوە.

ڕێکەوتی بڵاوکردنەوە

کوردی
27 خەرمانان 2726
کۆچی هەتاوی
27 شهریور 1405
میلادی
کۆچی مانگی · ئوم‌القورا
٦ ربيع الآخر ١٤٤٨
وەرگێڕانی بابەت Translate

وەرگێڕانی ماشینی لە Google Translate، لە پەنجەرەیەکی نوێدا دەکرێتەوە؛ وەرگێڕانی فەرمی نییە. دەقی سەرەکی سەرچاوەیە.

بۆ زمانەکانی تر، لە پەڕەی Google Translate زمانی وەرگێڕان بگۆڕە.

هاوبەشکردن

ڕۆژی ١٧ی سێپتامبری ٢٠٢٦ی زایینی ،ئاشتیـاکۆ پوورکەریم، سکرتێری گشتیی پارتی سەربەخۆیی کوردستان، لە سەر بانگهێشتی نوێنەرایەتی حکوومەتی کاتالۆنیا لە فەڕانسە، لە ڕێوڕەسمێکدا کە لە یادی پەناگەی دژەفڕۆکە لە کاتی شەڕی ناوخۆی ئیسپانیا لە بارسێلۆنا کە لە لایەن ناوەندی توێژینەوە کاتالانییەکانی زانکۆی سۆربۆن لە پاریس رێکخرابوو، بەشداریکرد.

ڕێوڕەسمەکە، کە بە توێژینەوەی مێژوونووس Xavier Domènech و وێنەکانی Ana Sánchez ئامادە کرابوو، یادەوەریی پەناگەکانی بارسێلۆنا لە سەردەمی شەڕی ناوخۆی ئیسپانیای خستبووە ڕوو. لە ڕێوڕەسمی کردنەوەکەدا Sònia Hernández Almodóvar، وەزیری کولتووری حکوومەتی کاتالۆنیا، Eva Doya Le Besnerais، نوێنەری حکومەتی کاتالۆنیا لە فەڕانسە، Anna Guitart Ferrer، بەڕێوەبەری Institut Ramon Llull، Michel Martínez Pérez، بەڕێوەبەری ناوەندی توێژینەوە کاتالانییەکان، و Jaume Muñoz Jofre، بەرپرسی بەرنامەکانی «یادی دیموکراتیک»ی شارەوانی بارسێلۆنا، بەشدار بوون.

لە پەراوێزی ڕێوڕەسمەکەدا، ئاشتیاکۆ پوورکەریم لەگەڵ سۆنیا هێرناندێز و ئێڤا دۆیا دیدار و گفتوگۆی کرد و هەروەها لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسان، کەسایەتییە سیاسی و ئەکادیمییەکانی ئامادەبوو، قسە و گفتوگۆی کرد.

لە دیدارەکەی لەگەڵ وەزیری کولتووری کاتالۆنیا، سکرتێری گشتیی پارتی سەربەخۆیی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد کە، لە ڕوانگەی ئێمەوە، کورد و کاتالان خاوه‌نی بەشێک لە ئەزموونێکی مێژوویی و سیاسیی هاوبەشن؛ هەردوو نەتەوە خواستی دیاریکردنی چارەنووس و سەربەخۆییان لە مێژووی سیاسیی خۆیاندا هەیە، بەڵام لە دوو ژینگەی تەواو جیاوازدا.

پوورکەریم وتی کاتالۆنیا لە دڵی ئورووپا و لە چوارچێوەی سیستەمێکی ئەورووپیی دیموکراتیکدا بەدوای پرسی نەتەوەیی خۆی داچووە، لە کاتێکدا، کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا دابەشکراوە کە بۆ زیاتر لە سەد ساڵە ڕووبەڕووی شەڕ، سەرکوت، کوشت و کوشتار و توندوتیژی بووەتەوە.

ئاشتیاکۆ پوورکەریم لە قسەکانیدا ئاماژەی بە ساڵی ٢٠١٧ کرد؛ ساڵێک کە لە ٢٥ی سێپتامبر ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە هەرێمی باشووری کوردستان بەڕێوەچوو و سەرەڕای ئەوەی  ٩٢.٧٣٪ی دەنگەکان بۆ «بەڵێ» بوون، بەڵام دوژمنانی ئازادی و سەربەخۆیی کورد پێشیان پێگرت، شەش ڕۆژ دواتر، لە ١ی ئۆکتۆبر، ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کاتالۆنیا بەڕێوەچوو؛ حکومەت و دادگای ئیسپانییەکان ئەو ڕیفراندۆمەیان بە نایاسایی دانا و لە ڕۆژی دەنگداندا ژمارەیەک ناوەندی دەنگدان داخرا و دەستێوەردانی پۆلیس ڕوویدا و پێش بە سەربەخۆیی کاتالۆنیا گیرا.

پوورکەریم ئەم هاوکاتییەی ساڵی ٢٠١٧ی وەک خاڵێکی گرنگ لە مێژووی نوێی هەردوو نەتەوە باس کرد و وتی، سەرەڕای جیاوازییە بنەڕەتییەکان لە بارودۆخ و سیستەمی سیاسی، ئەزموونی هەردوو لایەن دەتوانێت بوارێک بێت بۆ وتووێژ، ناسینی زیاتری یەکتر و ئاڵوگۆڕی ئەزموونی سیاسی و مەدەنی.

لە دیدارەکانی دیکەدا باس لە پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسی، کولتووری و دامەزراوەییەکان لەنێوان کوردستان و کاتالۆنیا کرا. هەروەها گفتوگۆ لەسەر ئەوە کرا کە لە داهاتووی نزیکدا شاندێک لە ڕێبەرایەتی پارتی سەربەخۆیی کوردستان سەردانی کاتالۆنیا بکات و بۆ پەرە پێدانی پەیوەندی، هەماهەنگی و گفتوگۆ لە بوارە هاوبەشەکاندا لەگەڵ لایەن و دامەزراوە کاتالانییەکان دیداریان هەبێت.

پوورکەریم لە کۆتایی دیدارەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە پەیوەندیی نێوان گەلانی خاوەن ئەزموونی سیاسی و مێژوویی هاوشێوە، دەتوانێت لە ڕێگەی دیالۆگ، پەیوەندیی ڕاستەوخۆ و ئاڵوگۆڕی ئەزموونەوە پەرەی پێبدرێ؛ بە تایبەتی لەنێوان کورد و کاتالان، کە لە دوو ناوچەی جیاوازی جیهاندا بۆ پرسی نەتەوەیی و مافی دیاریکردنی چارەنووس خەبات دەکەن.

بابەتی پێشووسەلاح سوڵتانپەنا لە سمیناری ئۆسلۆ؛ مافی نەتەوەکان و دیاریکردنی چارەنووس
بابەتی دواتربەشی دووهەم، کۆتایی: مڵەی برایەتی گەلان و شۆڕشە مەزنەکەی ڕۆژاوای کوردستان.

Leave a Reply