ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، ٣٠ی خەرمانان، کۆڕی کوردانی نیشتەجێی فەڕانسە لە پاریس ڕێوڕەسمێکی تایبەتی بۆ ڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەریی موشتەبا و مەیسەم وەیسی بەڕێوەبرد.
لە ڕێوڕەسمەکەدا ژمارەیەک کەسایەتی سیاسی، نووسەر، هونەرمەند و چالاکی کورد بەشدار بوون.
بەرنامەکە بە سروودی نەتەوەیی «ئەی ڕەقیب» و یەک خولەک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادی گیانبەختکردووانی ڕێگای ئازادی کوردستان دەستی پێکرد. تاهیر ئەردەڵان ئەرکی بەڕێوەبردنی بەرنامەکەی لە ئەستۆ بوو.
لە سەرەتادا، عەزیز ماملی، بەرپرسی کۆڕی کوردانی نیشتەجێی فەڕانسە، باسێکی کورتی سەبارەت بە ئامانج و ناوەڕۆکی ڕێوڕەسمەکە پێشکەش کرد. دواتر، پەیامی کۆڕی کوردانی نیشتەجێی فەڕانسە لەلایەن خاتوو سەحەر باقری، نووسەر و چالاکوانی سیاسی، خوێندرایەوە.
لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا و لە ناوئاخنی ڕێوڕەسمەکە دا دوو کورتەفیلم سەبارەت بە ژیان و چالاکییەکانی موشتەبا و مەیسەم وەیسی پیشان دران. هەروەها فەرید ئیلهامی، هونەرمەندی ناسراوی کوردی یارسان، بە تەمبورژەنین چەند پارچە گۆرانییەکی پێشکەش کرد.
ئاشتیاکو پوورکەریم، سکرتێری گشتیی پارتی سەربەخۆیی کوردستان، لە ڕێوڕەسمەکەدا ئامادە بوو و بە بەشداریی خۆی ڕێزی لە یاد و بیرەوەری موشتەبا و مەیسەم وەیسی گرت.
جێگەی وەبیرهێنانەوەیە کە بوترێ موشتەبا و مەیسەم وەیسی دوو برای کوردی یارسانی و لە چالاکوانانی سیاسی و مەدەنیی کرماشان و لە دامەزرێنەرانی کتێبخانەی کوردیی دەڕەدرێژ بوون و لە بوارەکانی خوێندنەوە، زمان و کلتووری کوردی و بەرنامە کۆمەڵایەتییەکاندا چالاکیان دەکرد. ئەوان دوای بەشداری لە ناڕەزایەتییەکانی ٢٠٢٥–٢٠٢٦ بە نهێنی دەژیان و ڕۆژی ٢٨ی ئایاری ٢٠٢٦، لە کاتی هێرشی هێزەکانی سپای تیرۆریستیی پاسدارانی ئێران بۆ شوێنی مانەوەیان لە گوندی قەڵاکەهوش لە دالاهۆ، بە تەقەی ڕاستەوخۆ شەهیدکران.
ڕووحیان شاد و یاد و ناو و ڕێگە و ڕێبازیان هەروا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.




