ڕۆژی ٣ی ڕەزبەری ٢٧١٧ی کوردی “٢٥ی سێپتامبری ٢٠١٧ی زایینی” ڕۆژێکی مێژووییە لە ڕۆژژمێری نەتەوەی کورد دا کە خەڵکی کوردستان بە شێوەیەکی ئاشتییانە و دیموکراتیک، لە ڕێگەی سندووقی دەنگدانەوە ویستی سیاسیی خۆیان دەربڕی. لەو ڕیفراندۆمەدا، ٩٢.٧٣٪ی دەنگەکان بە «بەڵێ» بوون بۆ سەربەخۆیی کوردستان و گەڕانەوەی سەروەریی سیاسی بۆ نەتەوەی کورد.
ئەگەر لە باشووری کوردستان، خەڵک بە سندووقی دەنگ ڕایانگەیاند کە خوازیاری سەروەریی سیاسی و سەربەخۆیین؛ لە هەمان کاتدا، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە باکوور و ڕۆژاوای کوردستان و لە نێو دیاسپۆرای کورد لە وڵاتانی جیهان، بە جەژن و پشتیوانی بۆ سەربەخۆیی، ڕێفراندۆمێکی تریان بۆ سەربەخۆیی کوردستان بەڕێوەبرد. ئەم وەڵامدانەوەیە نیشانیدا کە خواستی نەتەوەی کورد، کۆتاییهێنانە بە داگیرکاریی داگیرکەران و گەیشتن بە ئازادی و سەربەخۆیی.
بۆ پارتی سەربەخۆیی کوردستان، ٢٥ی سێپتامبر”ئەیلوول” بە تەنیا وەبیرهێنەرەوە و یادی ڕووداوێکی سیاسی نییە؛ بەڵکوو تۆمارکردنی ویست و بڕیاری سیاسیی بەشێکی زۆری خەڵکی کوردستانە کە بە زمانی دەنگدان خواستی خۆیان بۆ داهاتووی سیاسیی کوردستان دەربڕی.
ڕیفراندۆم دەنگی گوللە و تفەنگ نەبوو؛ دەنگی سندووق بوو، هەڕەشەش نەبوو بۆ سەر هیچ کەس و لایەنێک؛ پرسیارێکی ئاسایی و ڕەوا بوو لە خەڵکی کوردستان : کە بڕیارتان بۆ داهاتووی خۆتان چیە، چتان دەوێ و دەتانهەوێ چۆن چارەنووستان بنووسنەوە ؟
لە ڕوانگەی ئێمەوە، ڕێگەی چارەسەریی پرسی کوردستان لە ڕێگەی ئیرادەی ئازادانەی خەڵک، دیالۆگ، ئاشتی و ڕێکارە دیموکراتیکەکانەوە دەبێت و تاکە ڕێگەی گەیشتن بە ماف و ئازادیی نەتەوەیی، سەربەخۆیی و بنیاتنانی دەوڵەتی نەتەوەیی کوردستانە.
لە نۆیەمین ساڵیادی ٢٥ی سێپتامبردا، ڕێز لە دەنگ و ئیرادەی ئەو ملیۆنانە دەگرین کە بە ئاشتی دەنگیان دا و بۆ هەتاهەتایە یادەوەریی ئەو ڕۆژە بە زیندوویی دەپارێزین.
پارتی سەربەخۆیی کوردستان
٣ی ڕەزبەری ٢٧٢٦ی کوردی
٢٥ی سێپتامبری ٢٠٢٦ی زایینی



