پیرۆزە یادی ڕیفراندۆمە مەزنەکەی کوردستان

ڕێکەوتی بڵاوکردنەوە

کوردی
3 ڕەزبەر 2726
کۆچی هەتاوی
3 مهر 1405
میلادی
کۆچی مانگی · ئوم‌القورا
١٣ ربيع الآخر ١٤٤٨
وەرگێڕانی بابەت Translate

وەرگێڕانی ماشینی لە Google Translate، لە پەنجەرەیەکی نوێدا دەکرێتەوە؛ وەرگێڕانی فەرمی نییە. دەقی سەرەکی سەرچاوەیە.

بۆ زمانەکانی تر، لە پەڕەی Google Translate زمانی وەرگێڕان بگۆڕە.

هاوبەشکردن

ڕیفراندۆم، ئیرادەی نەتەوەیەکی خاک‌داگیرکراوە لە پێناو سەربەخۆیی خاک و نیشتمانەکەی؛ خواست و ویستی ناخی هەر تاکێکی ئەم نیشتمانە لە چوارمێخە دراوەیە. ئیرادەیەکە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان لە خاکی پیرۆزی باو و باپیرانمان؛ ئیرادەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە داگیرکاری؛ ئیرادەیەک بۆ سڕینەوەی فرمێسکی دایکانی جەرگ‌سووتاو؛ ئیرادەیەک بۆ گەیشتن بە ئاواتی دەیان و سەدان هەزار گەنجی گیانبەختکردوو لە مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازی نەتەوەکەمان.

ئیرادەیەکە بۆ ژیانەوەی ڕۆحی ١٨٢ هەزار ئەنفالکراوی دەستی داگیرکەران و قوربانیانی دەیان کارەسات و کۆمەڵکوژیی نەتەوەکەمان لە خاکی پیرۆزی کوردستان. ئیرادەیەکە بۆ کۆتاییهێنان بە تاڵانیی خاک و سروشت و ژینگە و سامانی نەتەوەیەک؛ ئیرادەیەک کە ترپەی دڵی مژدەی ڕزگاری و سەربەخۆیی بوو.

بەداخەوە، ئەو ئیرادە نەتەوەییە لە دوو لاوە پشتی تێکرا و پاشقولی لێ درا. لەلایەکەوە بووە قوربانی بەرژەوەندیی زلهێزانی لانکەی دیموکراسی و مافی مرۆڤ، کە لە هەمان کاتدا خاوەن‌بڕیار بوون، لەگەڵ دڕندەیی داگیرکەرانی کوردستان.
لەلایەکی تریشەوە بووە قوربانی سەرکردایەتییەکی لاواز لە هەڵوێست و بڕیاری خۆمان؛ سەرکردایەتییەک کە تا ئێستاشی پێوە بێت نە ویستوویەتی لە خواستی نەتەوەکەی تێبگات، نە پرۆژەیەکی ڕوونی بۆ ڕزگاری نیشتمانەکەی کردووەتە ئامانج و نە توانیویەتی بەرژەوەندیی نەتەوەیی بخاتە لوتکەی بەرژەوەندییەکانی.

هەر ئەوەش وای کردووە نەتوانین بەرژەوەندییەکانمان لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی هاوپەیمانەکانمان و زلهێزانی خاوەن‌بڕیار هاوتەریب بکەین؛ سەرمان لە خۆمان و دۆستانیشمان شێواندووە. هەموو کاتێکیش زۆر بە سانایی هەموو تاوانەکان دەخەینە پاڵ دۆستان و هاوپەیمانەکانمان و خۆمان لە هەموو هەڵە و تاوانێک بێبەری دەکەین. شکستەکانمان بە ناوی سەرکەوتن بە خۆمان دەفرۆشینەوە و مێژوومان دووبارە و چەندبارە دەبێتەوە.

ڕیفراندۆم ڕووداوێکی گەورەی مێژوویی بوو، بەڵام بەداخەوە هیچکات لەلایەن ناوەندە زانستییەکان، زانکۆکان و ناوەندە ڕامیارییەکانی کوردستانەوە خەسارناسییەکی شایانی ئەم ڕووداوە نەکرا و لێکدانەوەیەکی هەمەلایەنەی بۆ نەکرا؛ لێکدانەوەیەک کە بتوانێت ببێتە دەرسێک بۆ داهاتوو، بۆ ئەوەی وەک هەمیشە هەڵە مێژووییەکانمان بە سانایی دووبارە نەکەینەوە و دەرفەتە مێژووییەکان لە دەستمان نەفڕێن.

هەموو ساڵێک کە یادی ئەو ئیرادە نەتەوەییە دەکەمەوە، گەز گەز باڵا دەکەم، شانازی بە نەتەوەکەمەوە دەکەم و شاگەشکە دەبم.

بەڵام هەرکات بیر لە ناکارامەیی و هەڵە مێژووییەکانی خۆشمان دەکەمەوە، دڵم بە نەتەوەکەم دەسووتێت؛ نەتەوەیەک کە لەگەڵ ئەو هەموو خوێن و خەبات و ئیرادەیەدا، دیسانەوە هەر دەبێت خەون بەو ڕۆژەوە ببینێت کە ئاڵاکەی، وەک ئاڵای هەموو نەتەوەکانی سەر ئەم گۆی زەوییە، ڕۆژێک لە پەنای ئاڵای ئەواندا و لە هەموو ناوەندەکانی بڕیاردا بشەکێتەوە.

٢٥ی سپتامبر، یادی ڕیفراندۆمە مەزنەکەی کوردستان، لام پیرۆزە و بە شانازییەوە یادی دەکەمەوە.

بەڵێ، بەڵێ، بەڵێ؛ هەزاران جار بەڵێ بۆ سەربەخۆیی و سەروەریی خاکی کوردستان و بۆ دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان.

سەلاح سوڵتانپەنا
٢٥ی سپتەمبری ٢٠٢٦

بابەتی پێشووبەیاننامەی پارتی سەربەخۆیی کوردستان لە نۆیەمین ساڵیادی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان
بابەتی دواترکۆنفرانسی بروکسل؛ هەنگاوێک بۆ نوێنەرایەتیی نەتەوەی کورد لە نەتەوە یەکگرتووەکان

1 لێدوان

Leave a Reply