ئیدیت موبێک، وێنەگر و ڕۆژنامەوانی فەرەنسی و یەکێک لە دۆستانی ناسراوی نەتەوەی کورد، لە ١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٦، لە تەمەنی ٨٦ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
ئیدیت موبێک، هاوسەر و هاوکاری پۆل موبێک، نووسەر و ڕۆژنامەنووسی ناسراوی فەرەنسی کە بە ناوی «کریس کۆچێرا» ناسراو بوو، لە ماوەی چەندین دەیەدا بەشێکی گرنگ لە ژیان، مێژوو و خەباتی گەلی کوردی بە وێنە تۆمار کرد.
«کریس کۆچێرا» ناوێکی هاوبەش بوو کە پۆل و ئیدیت موبێک لە کارە ڕۆژنامەوانی و بەڵگەنامەییەکانیاندا بەکاریان دەهێنا. لەم هاوکارییەدا پۆل موبێک بە نووسین و ڕاپۆرت و ئیدیت موبێک بە وێنە، ڕووداو و گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کوردستانیان بۆ جیهان تۆمار و ناساند.
ئیدیت موبێک لە ساڵی ١٩٤٠ لە پاریس لەدایک بوو و لە کۆتایی دەیەی ١٩٦٠ەکانەوە دەستی بە کاری ڕۆژنامەوانی و وێنەگری کرد. لە ساڵی ١٩٧١ەوە، لەگەڵ هاوسەرەکەی سەردانی کوردستانیان کرد و بە درێژایی دەیان ساڵ بەردەوام بوون لە بەڵگەنامەکردنی ژیان و خەباتی گەلی کورد.
بەشێکی بەرچاوی بەرهەمە وێنەییەکانی ئیدیت موبێک بریتی بوون لە تۆمارکردنی ژیانی ڕۆژانەی کوردان، ئاسەوارەکانی جەنگ و وێرانکاری، ئاوارەیی و گەڕانەوەی پەنابەران، هەروەها کەسایەتی و ڕێبەرانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کورد.
وێنەکانی هەڵەبجە، قەڵادزێ، حاجی ئۆمەران و ناوچە جیاوازەکانی کوردستان بەشێکن لەو میراتە وێنەییە دەوڵەمەندەی کە بۆ مێژووی هاوچەرخی کوردستان بەجێی هێشتووە.
ئیدیت موبێک، لەگەڵ پۆل موبێک، بەشێکی گرنگ لە ژیانی خۆیان تەرخان کرد بۆ ناساندنی پرسی کورد و کوردستان بە ڕای گشتیی جیهان. ئەرشیفی وێنە، چاوپێکەوتن، نووسین و بەڵگەنامەکانیان ئەمڕۆ یەکێک لە سەرچاوە گرنگەکان بۆ تێگەیشتن لە مێژووی هاوچەرخی کوردستان دادەنرێت.
بە کۆچی دوایی ئیدیت موبێک، نەتەوەی کورد یەکێک لە دۆستە دێرین و دڵسۆزەکانی خۆی و یەکێک لەو وێنەگرانەی لە نزیکەوە بەشێکی گرنگ لە مێژووی کوردستانی تۆمار کرد، لەدەست دا.
یاد و ناوی ئیدیت موبێک و ئەو میراتە وێنەییە دەوڵەمەندەی بۆ کوردستانی بەجێ هێشتووە، لە مێژووی نەتەوەی کورددا دەمێنێتەوە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی پارتی سەربەخۆیی کوردستان بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە هەموو خزم و کەسانی ئیدیت موبێک و گەلی کورد و فەڕانسە بە گشتی دەکا و خۆی لەم خەم و پەژارە دا بە شەریک و بەشدار دەزانێ .



