کۆنفرانسی بروکسل؛ هەنگاوێک بۆ نوێنەرایەتیی نەتەوەی کورد لە نەتەوە یەکگرتووەکان

ڕێکەوتی بڵاوکردنەوە

کوردی
13 ڕەزبەر 2726
کۆچی هەتاوی
13 مهر 1405
میلادی
کۆچی مانگی · ئوم‌القورا
٢٣ ربيع الآخر ١٤٤٨
وەرگێڕانی بابەت Translate

وەرگێڕانی ماشینی لە Google Translate، لە پەنجەرەیەکی نوێدا دەکرێتەوە؛ وەرگێڕانی فەرمی نییە. دەقی سەرەکی سەرچاوەیە.

بۆ زمانەکانی تر، لە پەڕەی Google Translate زمانی وەرگێڕان بگۆڕە.

هاوبەشکردن

لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیدا لە بروکسل، نوێنەرانی پارت و ڕێکخراوە کوردستانییەکان، کەسایەتییە سەربەخۆکان، یاساناسان، ئەکادیمیسیەن و پسپۆڕانی نێودەوڵەتی، پرسی نوێنەرایەتیی نەتەوەی کورد لە نەتەوە یەکگرتووەکان، میکانیزمە یاسایی و دیپلۆماسییەکان و هەنگاوەکانی داهاتوویان تاوتوێ کرد. لە ناو وتار و پێشنیارەکاندا، ئاشتییاکو پوورکەریم، سکرتێری گشتیی پارتی سەربەخۆیی کوردستان، نەخشەڕێگایەکی سیاسی، یاسایی و دامەزراوەیی بۆ گواستنەوەی ئەم پرسە لە قۆناغی وتارەوە بۆ کاری بەردەوامی نێودەوڵەتی خستەڕوو.

بروکسل – ٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦

کۆنفرانسی «نوێنەرایەتیی نەتەوەی کورد لە نەتەوە یەکگرتووەکان» ڕۆژی ٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ لە زانکۆی Vrije Universiteit Brussel ــ VUB لە بروکسل، بە بانگهێشتی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ــ KNK، بەڕێوەچوو.

کۆنفرانسەکە لە بەیانییەوە تا ئێوارە بەردەوام بوو و بەرنامەکەی پێشکەشکردنی دیدگا و ڕوانگەی پسپۆڕان، وتار و پەیامی بەشداربووان، گفتوگۆ لەسەر هەنگاوەکانی داهاتوو و لە کۆتاییدا بڵاوکردنەوەی ئەنجامنامەی کۆنفرانس لەخۆگرت.

نوێنەرانی پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکان و دامەزراوە کوردستانییەکان لە بەشە جیاوازەکانی کوردستان و دەرەوەی وڵات، لەگەڵ ژمارەیەک ئەکادیمیسیەن، یاساناس و پسپۆڕی نێودەوڵەتی لە کۆنفرانسەکەدا بەشدار بوون.

لە نێو میوان و پسپۆڕە نێودەوڵەتییەکاندا Barry Fisher، یاساناسی ئەمریکی، Miloon Kothari، ئەکادیمیسیەن و کارمەندی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان، Ögmundur Jónasson، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئیسلەندا، و Coni Ledesma، پسپۆڕی یاسای نێودەوڵەتی، بەشدار بوون.

ناوەڕۆکی سەرەکیی گفتوگۆکان لە دەوری چۆنیەتیی بەدەستهێنانی پێگە و نوێنەرایەتیی نێودەوڵەتی بۆ کورد، هەڵسەنگاندنی ڕێگا یاسایی و سیاسییەکان، مافی دیاریکردنی چارەنووس، پێگەی چاودێری لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، بەهێزکردنی دیپلۆماسی و دروستکردنی هەماهەنگی لەنێوان هێز و دامەزراوە کوردستانییەکان سووڕایەوە.

کۆنفرانسەکە لە کۆتایی کارەکانیدا ئەنجامنامەیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا خواستی ناساندنی کورد وەک نەتەوە لە ئاستی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی پێگەی چاودێر لە دامەزراوە پەیوەندیدارەکان و دەستپێکردنی کارێکی درێژخایەن بۆ نوێنەرایەتیی نەتەوەی کورد خراوەتەڕوو.

هەروەها بڕیار درا کۆمیتەیەک بۆ بەدواداچوونی پرسی نوێنەرایەتیی کورد پێکبهێنرێت و کەمپینێکی بەرفراوان بۆ کۆکردنەوەی ملیۆنان واژۆ لە کوردستان و دیاسپۆرا دەست پێ بکات، بۆ ئەوەی داواکارییەکە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا زیاتر بخاتەڕوو.

بەم شێوەیە، کۆنفرانسی بروکسل هەوڵێک بوو بۆ ئەوەی پرسی نوێنەرایەتیی نەتەوەی کورد لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان لە ئاستی گفتوگۆی سیاسییەوە بگوازرێتەوە بۆ قۆناغێکی ڕێکخراوتر کە یاسا، دیپلۆماسی، دامەزراوەسازی و بەدواداچوونی بەردەوام تێیدا ڕۆڵی سەرەکی دەبینن.

ئاشتییاکو پوورکەریم: پرسی نوێنەرایەتی بە داهاتووی سیاسی و سەروەریی کوردستانەوە پەیوەستە

لە نێو وتارە پێشکەشکراوەکانی کۆنفرانسدا، ئاشتییاکو پوورکەریم، سکرتێری گشتیی پارتی سەربەخۆیی کوردستان، لە پەیامێکی سیاسی و دامەزراوەییدا دیدگای پارتەکەی سەبارەت بە مانای نوێنەرایەتیی نەتەوەی کورد و هەنگاوە کردارەکییە پێویستەکان خستەڕوو.

پوورکەریم لە سەرەتای پەیامەکەیدا سوپاسی ڕێکخەرانی کۆنفرانسی کرد بۆ خستنە بەرباسی پرسی نوێنەرایەتیی کورد لە ئاستی نێودەوڵەتی، بەڵام جەختی کردەوە کە ئەم پرسە نابێت تەنها بە بابەتێکی تەکنیکی یان دیپلۆماسی دابنرێت.

بە بۆچوونی ئەو، پرسی نوێنەرایەتی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بە داهاتووی سیاسیی نەتەوەی کورد، سەروەریی کوردستان و پێگەی کورد لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا پەیوەستە.

لەبەر ئەوە، پێی وایە پێش ئەوەی ناوی دامەزراوەیەک، جۆری نوێنەرایەتی یان میکانیزمی کار دیاری بکرێت، پێویستە بنەما و ئامانجی سیاسیی ئەو نوێنەرایەتییە ڕوون بکرێتەوە.

جیاوازی لەنێوان سەربەخۆیی و چارەسەرەکانی ناو دەوڵەتە ئێستاکان

سکرتێری گشتیی پارتی سەربەخۆیی کوردستان لە وتارەکەیدا ڕایگەیاند کە پارتەکەی ئامانجی سیاسیی خۆی بە گەڕاندنەوەی سەروەریی سیاسی بۆ نەتەوەی کورد و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دیاری کردووە.

بەپێی تێڕوانینی پوورکەریم، بەدەوڵەتبوون تەنها واتای هەبوونی حکومەتێکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو خاوەندارێتیی سەروەری، مافی بڕیاردان لەسەر داهاتووی خۆ، پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ جیهان و توانای نوێنەرایەتیی نەتەوە لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان لەخۆدەگرێت.

ئەو هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە خۆبەڕێوەبەری، فیدراڵیزم، کۆنفیدراڵیزم و سەربەخۆیی بەرنامە سیاسیی جیاوازن و نابێت جیاوازیی نێوان ئەم دیدگانە لە ژێر ناوی یەکگرتوویی سیاسی بشاردرێتەوە.

پوورکەریم وتی، پارتی سەربەخۆیی کوردستان ڕێز لە مافی هەر هێزێک دەگرێت کە بەرنامەی سیاسیی خۆی هەبێت، بەڵام سەربەخۆییخوازانیش هەمان مافیان هەیە بە ڕوونی بڵێن کە لە دیدی ئەوانەوە نوێنەرایەتیی نێودەوڵەتی بە گەڕاندنەوەی سەروەریی سیاسی و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەی کوردەوە پەیوەستە.

ئەو بە ڕەخنە لەو ڕوانگەیەی کە چارەسەری پرسی کورد لە تاران، ئەنقەرە، بەغدا و دیمەشق دەبینێت، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو دەوڵەتانە خۆیان نوێنەرایەتیی فەرمییان لە نەتەوە یەکگرتووەکان هەیە؛ لەبەر ئەوە، بە بۆچوونی ئەو، خواستی نوێنەرایەتیی جیاوازی کورد کاتێک مانای سیاسیی ڕوونتری هەیە کە کورد خۆی وەک خاوەنی چارەنووس و سەروەریی سیاسیی خۆی ببینێت.

مافی دیاریکردنی چارەنووس دەبێت مافی هەڵبژاردنی سەربەخۆییش لەخۆ بگرێت

یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی پەیامی پوورکەریم مافی دیاریکردنی چارەنووس بوو.

ئەو جەختی کردەوە کە دیاریکردنی چارەنووس دەبێت هەڵبژاردنێکی ڕاستەقینە و ئازاد بێت و ناتوانرێت تەنها بەو هەڵبژاردانە سنووردار بکرێت کە دەوڵەتە دەسەڵاتدارەکان پێشتر ڕێگەیان پێداون.

لەو تێڕوانینەدا، پارتی سەربەخۆیی کوردستان مافی هەڵبژاردنی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەی کورد بە بەشێکی دانەبڕاو لە مافی دیاریکردنی چارەنووس دەزانێت.

بەڵام پوورکەریم جەختی کردەوە کە ئامانجی سیاسی بە تەنیا بەس نییە و دوای دەیان ساڵ وتار، بیانیە و کۆنفرانس، پێویستە خواستە سیاسییەکان بگۆڕدرێن بە کاری یاسایی، دامەزراوەیی، پیشەیی و بەردەوام.

لەو خاڵەوە، بەشێکی سەرەکیی پەیامەکەی بۆ خستنەڕووی پێشنیارە کردارەکییەکان تەرخان کرد.

یەکەم: کۆمیسیۆنێکی یاساییی سەربەخۆ

یەکەم پێشنیاری پوورکەریم دامەزراندنی کۆمیسیۆنێکی یاساییی سەربەخۆ بوو، کە لە شارەزایانی یاسای نێودەوڵەتی، یاسای ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، مافەکانی مرۆڤ، مافی دیاریکردنی چارەنووس و میکانیزمەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان پێکبێت.

ئەو پێشنیاری کرد یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی ئەم کۆمیسیۆنە ئامادەکردنی بەڵگەنامەیەکی بنەڕەتی بێت بە ناوی:

«نەخشەڕێگای یاسایی بۆ پەیوەندی و کارکردنی کورد لەگەڵ سیستەمی نەتەوە یەکگرتووەکان».

ئامانج لەم نەخشەڕێگایە ئەوەیە هەنگاوەکان لەسەر بنەمای یاسایی و شێوازێکی دیاریکراو بڕۆنە پێشەوە، نەک تەنها لەسەر بنەمای هەڵوێست و دروشمی سیاسی.

دووەم: نووسینگەی کاروباری نێودەوڵەتیی کوردستان

پێشنیاری دووەمی پوورکەریم، دروستکردنی ئۆفیس یان نووسینگەی هاوئاهەنگیی کاروباری نێودەوڵەتیی کوردستان بوو.

بەپێی پێشنیارەکە، ئەم ئۆفیسە نابێت بانگەشەی پێگەیەکی دیپلۆماسی بکات کە لە ڕووی یاساییەوە هێشتا نییەتی، بەڵکو دەبێت ناوەندێکی پیشەیی بێت بۆ توێژینەوەی یاسایی، هاوئاهەنگی، بەڵگەسازی، ئامادەکردنی ڕاپۆرت، چاودێریکردنی پڕۆسە نێودەوڵەتییەکان و پەیوەندی لەگەڵ دامەزراوە و دیپلۆماتەکان.

ئەو ژنێڤی وەک یەکێک لە ناوەندە گرنگەکانی ئەم کارە دیاری کرد، بە تایبەتی بەهۆی کۆبوونەوەی دامەزراوە و میکانیزمەکانی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لەو شارەدا.

بەڵام جەختی کردەوە کە ئامادەبوون لە ژنێڤ بە کردنەوەی ئۆفیسێک یان چەند دیدارێکی کاتی دروست نابێت؛ بەڵکو پێویستی بە کار و بەدواداچوونی ڕۆژانە و بەردەوام هەیە.

سێیەم: سیستەمێکی نەتەوەیی بۆ بەڵگەسازی

خاڵێکی دیکەی پێشنیارەکانی پوورکەریم، دامەزراندنی سیستەمێکی نەتەوەیی بۆ بەڵگەسازی و ئەرشیڤکردن بوو.

بەپێی ئەم پێشنیارە، هەر دۆسیەیەک دەبێت بە شێوەیەکی ستاندارد تۆمار بکرێت و زانیارییەکانی کات، شوێن، سەرچاوە، کەسی زیانلێکەوتوو، جۆری ڕووداو، بەڵگەکان، ئاستی پشتڕاستکردنەوە و چوارچێوە یاساییەکەی لەخۆ بگرێت.

بەمەش بەڵگەسازی لە کارێکی تەنها ڕاگەیاندنییەوە دەگوازرێتەوە بۆ پڕۆسەیەکی پیشەیی کە بتوانرێت لە کاری یاسایی و نێودەوڵەتیدا سوودی لێ وەربگیرێت.

چوارەم: پەیماننامەی هاوبەش لەنێوان پارت و ڕێکخراوەکان

پوورکەریم پێشنیاری کرد هەر میکانیزمێکی هاوبەشی کوردستانی لەسەر بنەمای پەیماننامەیەکی ڕوون دامەزرێت.

ئەم پەیماننامەیە دەبێت ئەندامێتی، مافی دەنگدان، شێوازی بڕیاردان، ماوەی سەرۆکایەتی، سەرچاوەی دارایی، شێوازی خەرجکردن و میکانیزمی چاودێری دیاری بکات.

مەبەست ئەوەیە دامەزراوەی نوێنەرایەتیی هاوبەش نەکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی یەک حیزب، یەک تاک یان یەک لایەن و شەفافیەت و بەرپرسیارێتی لە بنەمای کارەکەدا بێت.

پێنجەم: گروپێکی ئامادەکاری بۆ شەش مانگ

بۆ گواستنەوەی پێشنیارەکان بۆ قۆناغی جێبەجێکردن، سکرتێری گشتیی پارتی سەربەخۆیی کوردستان پێشنیاری کرد گروپێکی ئامادەکاری بۆ ماوەی شەش مانگ پێکبهێنرێت.

ئەرکی ئەم گروپە بریتی بێت لە دامەزراندنی کۆمیسیۆنی یاسایی، ئامادەکردنی نەخشەڕێگای یاسایی، نووسینی پێش‌نووسی پەیماننامەی هاوبەش، دیاریکردنی ستانداردەکانی بەڵگەسازی و ئامادەکردنی پلانی کار، بودجە و شێوازی بەڕێوەبردن.

بەم شێوەیە، پوورکەریم هەوڵی دا ماوەیەکی دیاریکراو و ئەرکی دیاریکراو بۆ قۆناغی یەکەمی پرۆسەکە پێشنیار بکات.

پارتی سەربەخۆیی کوردستان ئامادەی بەشداریی کردارەکییە

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، پوورکەریم ڕایگەیاند کە پارتی سەربەخۆیی کوردستان ئامادەیە لە دامەزراندنی کۆمیسیۆنی یاسایی، نووسینی نەخشەڕێگای یاسایی و دامەزراوەیی، دروستکردنی سیستەمی بەڵگەسازی و پێکهێنانی میکانیزمێکی هاوبەش، شەفاف و پیشەیی بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا بەشداریی کردارەکی بکات.

ئەو لە هەمان کاتدا جەختی کردەوە کە ئەم هاوکارییە دەبێت لەگەڵ پاراستنی هەڵوێست و بەرنامە سیاسیی هەر پارتێک و پابەندبوون بە یاسا، پیشەییبوون، شەفافیەت و بەرپرسیارێتی بەڕێوە بچێت.

پوورکەریم پەیامەکەی بەو تێڕوانینە کۆتایی پێهێنا کە:

«کورد یەک نەتەوەیە و کوردستان یەک نیشتمانە.»

ئەو هیواداریی خۆی دەربڕی کە کۆنفرانسی بروکسل نەبێتە تەنها کۆبوونەوەیەکی تر، بەڵکو ببێتە دەستپێکی پڕۆسەیەکی ڕێکخراو و بەردەوام؛ پڕۆسەیەک کە خواستی سیاسی بگۆڕێت بە کاری دامەزراوەیی و بناغەی ئامادەبوونێکی بەردەوام بۆ کوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دابنێت.

لە کۆی وتار و گفتوگۆکانی کۆنفرانسی بروکسڵدا، دوو ئاستی سەرەکیی پرسی نوێنەرایەتی خرانەڕوو: لە لایەکەوە هەوڵ بۆ دروستکردنی پێگە و دەنگێکی کوردی لە سیستەمی نەتەوە یەکگرتووەکان، و لە لایەکی دیکەوە پێویستیی گۆڕینی خواستە سیاسییەکان بۆ دامەزراوە، دۆسیەی یاسایی، دیپلۆماسیی بەردەوام و نەخشەڕێگایەکی درێژخایەن.

لەو چوارچێوەیەدا، پەیامی ئاشتییاکو پوورکەریم بە تایبەتی لەسەر ئەوە چڕ بووەوە کە نوێنەرایەتیی نەتەوەی کورد نابێت تەنها پرسی بوون لە ژوورێکی نێودەوڵەتی بێت، بەڵکو دەبێت بنەمای سیاسی، یاسایی و دامەزراوەیی ئەو نوێنەرایەتییە لە پێشدا ڕوون و بەهێز بکرێت.

دەقی وتەکانی ئاشتیاکۆ پوورکەریم، سکرتێری گشتیی پارتی سەربەخۆیی کوردستان:

پەیامی ئاشتییاکو پوورکەریم، سکرتێری گشتیی پارتی سەربەخۆیی کوردستان لە کۆنفڕانسی بروکسل – ٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٦

بەڕێوەبەرانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، نوێنەرانی پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکان، یاساناسان، مامۆستایانی زانکۆ، شارەزایان و میوانانی بەڕێز،

سڵاوتان لێ بێ و ئەو کاتەتان باش:

سەرەتا بە پێویستی دەزانم  سوپاسی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بکەم بۆ ڕێکخستنی ئەم کۆنفڕانسە و خستنە بەرباسی پرسی نوێنەرایەتیی کورد لە ئاستی نێودەوڵەتی و پەیوەندی لەگەڵ سیستەمی نەتەوە یەکگرتووەکان.

ئەم پرسە تەنیا بابەتێکی تکنیکی یان دیپلۆماسی نییە؛ بەڵکوو پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە داهاتووی سیاسیی نەتەوەی کورد، سەروەریی کوردستان و پێگەمان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا هەیە.

بۆیە پێش ئەوەی ناوی دامەزراوەکە ، شێوازی نوێنەرایەتی یان میکانیزمی کار دیاری بکەین، پێویستە ڕوون بکەینەوە کە ئەم هەوڵە لەسەر بنەمای چ خواست و تێڕوانینێکی سیاسی بەڕێوە دەچێت.

پارتی سەربەخۆیی کوردستان ئامانجی خۆی بە گەڕاندنەوەی سەروەریی سیاسی بۆ نەتەوەی کورد و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دیاری کردووە. لە تێڕوانینی ئێمەدا، بەدەوڵەتبوون تەنها دامەزراندنی حکومەتێکی ناوخۆیی نییە؛ بەڵکوو واتای خاوەندارێتیی سەروەری، بڕیاردان لەسەر داهاتووی خۆمان، پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ جیهان و توانای نوێنەرایەتیی خۆمان لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکاندا هەیە.

لە هەمان کاتدا، ڕێز لە مافی هەر هێز و پارتێک دەگرین کە بەرنامەی سیاسیی خۆی هەبێت. خۆبەڕێوەبەری، فیدراڵیزم، کۆنفیدراڵیزم و سەربەخۆیی بەرنامە و تێڕوانینی جیاوازن و نابێت ئەم جیاوازییانە بشاردرێنەوە. ئێمەش هەمان ماف بۆ خۆمان بەکار دەهێنین کە بە ڕوونی بڵێین نوێنەرایەتیی نێودەوڵەتی لە تێڕوانینی سەربەخۆییخوازانەوە بە پرسی گەڕاندنەوەی سەروەریی سیاسی و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەی کوردەوە پەیوەستە، بۆیە ئێمە وەک پارتێکی سەربەخۆییخواز خۆمان بە خاوەنی پرسەکە دەزانین و خاوەندارێتی لێدەکەین و پێمان وایە ئەم پرسە زیاتر پرسی ئەوانەیە کە باوەڕیان بە بنیاتنانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانە نەک هەڵگرانی بیری مانەوە لە ژێر دەسەڵاتی داگیرکەری ئێرانی، عێڕاقی، سووری و تورکی و خوازیارانی خودموختاری و فیدراڵی و کۆنفیدراڵی و برایەتی گەلان.

پرسی ئەندام بوون جا چ وەک ئەندامی فەرمی و هەمیشەیی چ وەک چاودێر یا ڕاوێژکار لە گەڵ بیر و هزری ئەوانە یەک ناگرێتەوە کە پێیان وایە پرسی کورد لە تاران و ئانکار و دمشق و بەغدا چارەسەر دەکرێ، دەی ئەگەر چارەسەرەکەی پایتەختی داگیرکەرە، دەی ئەوە ئەوان نوێنەریان هەیە لە نەتەوە یەکگرتووەکان و تۆش مادام خۆت بە بەشێک لەوان دەزانی، داواکاری بۆ ئەندامیەتی، تۆزێک کەم مانایە.

لە هەر حاڵدا بنەمای ئەم هەڵوێستە مافی نەتەوەی کوردە لە دیاریکردنی ئازادانەی چارەنووسی سیاسیی خۆی. دیاریکردنی چارەنووسیش دەبێت هەڵبژاردنێکی ڕاستەقینە بێت. ئەگەر دیاریکردنی چارەنووس تەنها بەوە سنووردار بکرێ کە دەوڵەتی دەسەڵاتدار پێشتر ڕێگەی پێداوە، ئەوە مانای دیاریکردنی ئازادانەی چارەنووس نییە. لەبەر ئەوە، ئێمە مافی هەڵبژاردنی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەت نەتەوەی کورد بە بەشێکی دانەبڕاو لەم مافە بنەڕەتییە دەزانین.

بەڵام ئامانجی سیاسی بە تەنیا بەس نییە. دەیان ساڵە لە وتار، بیانیە و کۆنفڕانسەکاندا خواستەکانمان دەردەبڕین. ئێستا پێویستە ئەو خواستانە بگۆڕدرێن بە کاری دامەزراوەیی، یاسایی و بەردەوام. ئەمە پێویستی بە یاساناس، پسپۆڕ، بەڵگەسازی، دیپلۆماسیی بەردەوام و ستراتیژییەکی درێژخایەن هەیە.

بۆیە یەکەم پێشنیاری ئێمە پێکهێنانی کۆمیسیۆنێکی یاساییی سەربەخۆیە، بە بەشداریی شارەزایانی یاسای نێودەوڵەتی، یاسای ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، مافەکانی مرۆڤ، مافی دیاریکردنی چارەنووس و میکانیزمەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.

ئەرکی سەرەکیی ئەم کۆمیسیۆنە ئامادەکردنی بەڵگەنامەیەک بێت بە ناوی «نەخشەڕێگای یاسایی بۆ پەیوەندی و کارکردنی کورد لەگەڵ سیستەمی نەتەوە یەکگرتووەکان».

لە پاڵ ئەوەدا، پێشنیار دەکەین ئۆفیس یا نووسینگەی هاوئاهەنگیی کاروباری نێودەوڵەتیی کوردستان دروست بکرێت؛ ئەم ئۆفیسە نابێت بانگەشەی پێگەیەکی دیپلۆماسی بکات کە نییەتی، بەڵکوو ئەرکی توێژینەوەی یاسایی، هاوئاهەنگی، بەڵگەسازی، ئامادەکردنی ڕاپۆرت، بەدواداچوونی پڕۆسە نێودەوڵەتییەکان و پەیوەندی لەگەڵ دامەزراوە و دیپلۆماتەکان هەبێت.

ژنێڤ دەتوانێت یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی ئەم کارە بێت، بە تایبەتی بۆ میکانیزمەکانی مافەکانی مرۆڤ و دۆسیە یاسایی و سیاسییەکان. بەڵام ئامادەبوون لە ژنێڤ تەنیا بە کردنەوەی ئۆفیس یان چەند دیدارێک دروست نابێت؛ پێویستی بە کارێکی ڕۆژانە، بەدواداچوونی بەردەوام هەیە.

هاوکات پێویستمان بە سیستەمێکی نەتەوەیی بۆ بەڵگەسازی و ئەرشیڤکردن هەیە. هەر دۆسیەیەک دەبێت کات، شوێن، سەرچاوە، کەسی زیانلێکەوتوو، جۆری ڕووداو، بەڵگەکان، دۆخی پشتڕاستکردنەوە و چوارچێوەی یاساییی خۆی هەبێت.

بۆ ئەوەی ئەم کارە بتوانێت لە چوارچێوەیەکی هاوبەشدا بەڕێوە بچێت، پێویستە پەیماننامەیەکی هاوبەشی نێوان حیزب و ڕێکخراوەکان هەبێت.

ئەم پەیماننامەیە دەبێت ئەندامێتی، مافی دەنگدان، شێوازی بڕیاردان، ماوەی سەرۆکایەتی، سەرچاوەی داهات، شێوازی خەرجکردن و میکانیزمی چاودێری دیاری بکات و ڕێگری لەوە بکات دامەزراوەکە بکەوێتە ژێر دەسەڵاتی یەک حیزب، یەک تاک یان یەک لایەنێک.

بۆ دەستپێکردنی ئەم پڕۆسەیە، پێشنیار دەکەین ئەم کۆنفڕانسە گروپێکی ئامادەکاری بۆ ماوەی شەش مانگ دیاری بکات؛ بۆ دامەزراندنی کۆمیسیۆنی یاسایی، ئامادەکردنی نەخشەڕێگای یاسایی، نووسینی پێش‌نووسی پەیماننامەی هاوبەش، دیاریکردنی ستانداردی بەڵگەسازی، پلانی کار، بودجە و شێوازی بەڕێوەبردن.

پارتی سەربەخۆیی کوردستان ئامادەیە لە دامەزراندنی کۆمیسیۆنی یاسایی، نووسینی نەخشەڕێگای یاسایی و دامەزراوەیی، دروستکردنی سیستەمی بەڵگەسازی و پێکهێنانی میکانیزمێکی هاوبەش، شەفاف و پیشەیی بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا بەشداری بکات؛ لە هەمان کاتدا بە پاراستنی هەڵوێستی سیاسیی خۆمان و پابەندبوون بە یاسا، پیشەییبوون، شەفافیەت و بەرپرسیارێتی.

بەو تێڕوانینەی کە کورد یەک نەتەوەیە و کوردستان یەک نیشتمانە، هیوادارین کۆنفڕانسی بروکسل دەستپێکی پڕۆسەیەکی ڕێکخراو و بەردەوام بێت؛ پڕۆسەیەک کە خواستی سیاسی بگۆڕێت بە کاری دامەزراوەیی و بناغەی ئامادەبوونێکی بەردەوام و کاریگەر بۆ کوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دابنێت.

سوپاس بۆ گوێگرتنتان.

 

بابەتی پێشووئیدیت موبێک، وێنەگری فەرەنسی و دۆستی نەتەوەی کورد، کۆچی دوایی کرد
بابەتی دواتروتاری سکرتێری گشتیی پارتی سەربەخۆیی کوردستان لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی قوربانییانی حەوتی ئۆکتۆبەر

2 کۆمێنتەکان

  1. بەشداریکردنی کەسایەتییەکی وەک باری فیشەر کێشی یاسایی کۆنفرانسەکە دەردەخات، بەڵام تاوەکو لەمپەرە جیۆپۆلەتیکییەکانی دەوڵەتانی ناوچەکە و شێوازی دەربازبوون لە ڤیتۆی دیپلۆماسی بە تەواوی ڕوون نەکرێنەوە ئەم هەوڵە سنووردار دەمێنێتەوە؛ بۆ بەدواداچوونی زیاتری ئەم ڕەهەندانە دەتوانن سەردانی this site بکەن کە لێکۆڵینەوە لە هاوکێشەکان دەکات.

وڵامێک جێ بێڵە