ئاشتییاکو پوورکەریم لە یادەوەریی دکتۆر حەکیم بەلووچدا: «مافی دیاریکردنی چارەنووس بەبێ داننان بە مافی سەربەخۆیی ناتەواوە»

ڕێکەوتی بڵاوکردنەوە

کوردی
27 ڕەزبەر 2726
کۆچی هەتاوی
27 مهر 1405
میلادی
کۆچی مانگی · ئوم‌القورا
٧ جمادى الأولى ١٤٤٨
وەرگێڕانی بابەت Translate

وەرگێڕانی ماشینی لە Google Translate، لە پەنجەرەیەکی نوێدا دەکرێتەوە؛ وەرگێڕانی فەرمی نییە. دەقی سەرەکی سەرچاوەیە.

بۆ زمانەکانی تر، لە پەڕەی Google Translate زمانی وەرگێڕان بگۆڕە.

هاوبەشکردن

ئاشتییاکو پوورکەریم، سکرتێری گشتیی پارتی سەربەخۆیی کوردستان، ڕۆژی ١٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٦ لە کۆنفڕانسێکی ئۆنلاین بۆ ڕێزگرتن لە یاد و ناوی دکتۆر حەکیم بەلووچ بەشداری کرد. ئەو، بە دەربڕینی سەرەخۆشی بۆ بنەماڵە، هاوڕێ و هاوسەنگەرانی ناوبراو و بۆ نەتەوەی بەلووچ، جەختی لە هاوپشتیی نێوان نەتەوەکانی کورد و بەلووچ و پێویستیی هاوکاری لە بوارەکانی سیاسەت، دیپلۆماسی و ڕاگەیاندندا لەنێوان بزووتنەوە ئازادیخوازەکان کردەوە.

ئەم بەرنامەیە بە ناونیشانی «یادکردنەوەی دکتۆر حەکیم بەلووچ و خەباتەکەی» و بە دروشمی «هاوپشتی لەنێوان نەتەوەکاندا»، لە «ئێکس سپەیسز»، پلاتفۆرمی گفتوگۆی دەنگیی تۆڕی ئێکس، بەڕێوە چوو. بەرنامەکە بۆ ڕێزگرتن لە ژیان، خەبات و میراتی سیاسیی ئەم کەسایەتییە سیاسییە بەلووچە تەرخان کرابوو.

سکرتێری گشتیی پارتی سەربەخۆیی کوردستان وتەکانی بە سڵاوێکی کورت بە زمانی بەلووچی دەست پێ کرد و پاشان بە زمانی کوردی، سڵاوی بۆ کوردستان و بەلووچستان نارد. ئەو، دوای وتنی «بژی بەلووچستان! بژی کوردستان!» و سوپاسکردنی خاتوو نایلا قادری، نادر بەلووچ، سدیق و ڕێکخەرانی تری ئەم یادەوەرییە، وتارە سەرەکییەکەی بە زمانی ئینگلیسی پێشکەش کرد.

پوورکەریم لە وتەکانیدا ڕایگەیاند کە یادکردنەوەی تێکۆشەرە سیاسییەکان، نەک تەنها ڕێزگرتنە لە ڕابردوو، بەڵکو پابەندییەکیشە بە داهاتوو و بەردەوامبوون لە خەبات بۆ ئازادی و کەرامەتی نەتەوەکانیان. ئەو جەختی کردەوە کە لە ڕوانگەی پارتی سەربەخۆیی کوردستانەوە، پرسی ئەو نەتەوانەی خاکەکانیان داگیر کراوە نابێت تەنها لە مافەکانی کەمینەکان یان چاکسازی لە ڕەفتاری حکومەتەکاندا کورت بکرێتەوە و مافی دیاریکردنی چارەنووس دەبێت لەگەڵ داننان بە مافی سەربەخۆییدا بێت.

هەروەها وتی، گۆڕینی ڕژێم تا ئەو کاتەی پەیوەندییەکانی داگیرکاری و زاڵبوون بەردەوام بن، بە مانای ڕزگاری نییە. لە هەمان کاتدا، پوورکەریم جەختی کردەوە کە ئەم خەباتە دژی هیچ گەل، زمان یان ئایینێک نییە، بەڵکو دژی داگیرکاری، کۆلۆنیالیزم و سەرکوتە؛ هەروەها ئازادیی نەتەوەیەک نابێت لەسەر نکۆڵیکردن لە ئازادیی نەتەوەکانی تر بنیات بنرێت.

لە خوارەوە دەقی تەواوی وتەکانی بە کوردیی سۆرانی دەخرێتە ڕوو؛ سەرەتا پێشەکییەکەی کە بە زمانی بەلووچی و کوردی پێشکەشی کرد، پاشان وەرگێڕانی وتارە ئینگلیسییەکەی.

پێشەکیی وتەکان بە بەلووچی و کوردی

سَلام عَرْض کَنان، شُما هَمَگانِ بِـگاه پَ خَیر.
سڵاوتان لێبێ و ئەو کاتەتان باش، بە کوردی و بەلووچی پێتان دەڵێم :
زِندَگ بات بَلوچِستان، بژی کوردِستان.
سڵاو دەنێرم بۆ کوردستان و بەلووچستانی داگیرکراو …
لە پێشدا بە پێویستی دەزانم سپاسی خاتوو نایلا قادری، واجە نادر بەلووچ ، واجە سدیق و هەموو بەڕێوەبەرانی یادی کۆچکردوو دوکتور حەکیم بکەم… وتارەکەم بە زمانی ئینگلیسی پێشکەش دەکەم
منت وار

دەقی تەواوی وتارە ئینگلیسییەکە

هاوڕێیانی بەڕێز، برا و خوشکە بەلووچەکانم، بەشداربووان و ڕێکخەرانی بەڕێز،

سڵاو و ڕێزتان لێ بێ و ئێوارەی هەمووتان باش.

من، ئاشتییاکو پوورکەریم، سکرتێری گشتیی پارتی سەربەخۆیی کوردستان، بە بۆنەی کۆچی دوایی دکتۆر حەکیم بەلووچ، لە دڵەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە بەڕێزەکەی، هاوڕێ و هاوسەنگەرەکانی و لە نەتەوەی بەلووچ دەکەم.

دکتۆر حەکیم سەر بە نەوەیەک لە تێکۆشەرە سیاسییە بەلووچەکان بوو کە بەشێکی زۆری ژیانی خۆیان بۆ بەرگری لە ناسنامە، ماف و ئاواتەکانی نەتەوەکەیان تەرخان کرد. ناوی ئەو بە چەندین دەیە چالاکیی سیاسی و پێداگریی پتەو بۆ زیندوو ڕاگرتنی دەنگی بەلووچستانەوە گرێ دراوە. ئەمڕۆ، بەدەر لە جیاوازییە سیاسی و حیزبییەکان، ڕێز لە پیاوێک دەگرین کە چارەنووسی خۆی بە جیا لە چارەنووسی نەتەوەکەی نەدەزانی.

بەڵام ڕێزگرتن لە خەباتکارێکی ئازادیخواز، تەنها باسکردنی ڕابردوو نییە؛ بەڵکو پابەندییەکیشە بەرامبەر داهاتوو. کەسایەتییە سیاسییەکان کۆچ دەکەن، بەڵام بیرۆکە، ئەزموون و وانەکانی ژیانیان بۆ نەوەکانی داهاتوو دەمێننەوە. ڕێزگرتن لە یادیان، لە بەردەوامبوون لە خەبات بۆ ئازادی و کەرامەتی نەتەوەکانیاندا مانای خۆی دەدۆزێتەوە.

نەتەوەکانی کورد و بەلووچ مێژوو و ئەزموونی جیاوازیان هەیە، بەڵام لە بەرگری لە ناسنامە، زمان، کولتوور و مافی دیاریکردنی چارەنووسدا، ئاواتی هاوبەشیان هەیە. ئامادەبوونی من لەم ڕێوڕەسمەدا، هەم نیشانەی ڕێزگرتنە لە دکتۆر حەکیم و بنەماڵەکەی و هەم ڕاگەیاندنی هاوپشتیی سیاسییە لەگەڵ نەتەوەی بەلووچ.

هەڵوێستی ئێمە ڕوونە: پرسی بەلووچستان، کوردستان، ئەحواز و ئەو نەتەوانەی تریش کە خاکەکانیان داگیر کراوە، نابێت لە مافی کەمینەکان یان چاکسازی لە ڕەفتاری حکومەتەکاندا کورت بکرێتەوە. ئێمە باس لە نەتەوەگەلێک دەکەین کە مافی ئەوەیان هەیە سەروەری بەسەر خاکی خۆیاندا بگێڕن و بە ئازادی داهاتووی سیاسیی خۆیان دیاری بکەن. لە ڕوانگەی ئێمەوە، مافی دیاریکردنی چارەنووس بەبێ داننان بە مافی سەربەخۆیی ناتەواوە.

گۆڕینی ڕژێم، کاتێک پەیوەندیی داگیرکاری و زاڵبوون بەردەوام بێت، بە مانای ڕزگاری نییە. گۆڕینی ناوی حکومەتەکان و ڕووخساری فەرمانڕەوایان، جێگرەوەی ئازادیی نەتەوەکان نییە. هیچ دەوڵەتێک نابێت بە پشتبەستن بە «یەکپارچەیی خاک»، ئیرادەی نەتەوەیەک پشتگوێ بخات و خاکەکەی بە موڵکی هەتاهەتایی خۆی بزانێت.

لە هەمان کاتدا، خەباتی ئێمە دژی هیچ گەل، زمان یان ئایینێک نییە؛ بەڵکو دژی داگیرکاری، کۆلۆنیالیزم و سەرکوتە. ئازادیی ئێمە نابێت لەسەر نکۆڵیکردن لە ئازادیی ئەوانی تر بنیات بنرێت.

ئەمڕۆ پێویستمان بە شتێکی زیاتر لە پەیامەکانی هاوسۆزی هەیە: هەماهەنگیی سیاسی، دیپلۆماسیی هاوبەش و هاوکاریی میدیایی لەنێوان بزووتنەوە ئازادیخوازەکان. دەبێت دەنگی یەکتر بین و لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی یەکتر، بەبێ دەستێوەردان لە سەربەخۆیی بڕیاردانی یەکتر، بۆ ئازادی و دادپەروەری هاوکاری بکەین.

پەیامی پارتی سەربەخۆیی کوردستان بۆ نەتەوەی بەلووچ و ئەو نەتەوانەی تر کە خاکەکانیان داگیر کراوە، ڕوونە: ئێمە پشتگیری لە مافی ئازادی، سەربەخۆیی و سەروەریی ئێوە بەسەر خاکی خۆتاندا دەکەین. هیوادارم یادی دکتۆر حەکیم یارمەتیدەری قووڵترکردنەوەی هاوپشتی و پەرەپێدانی هاوکاریی کردەیی لەنێوان نەتەوەکانماندا بێت.

یاد و ناوی دکتۆر حەکیم بەلووچ بەرز و بەڕێز بێت.

سپاس و ڕێز

بابەتی پێشووئاشتیاکو پوورکەریم لە کۆبوونەوەی «باشان؛ لە خەونەوە بۆ ڕاستی» پشتگیریی خۆی لە سەربەخۆیی باشان دووپات کردەوە
بابەتی دواترکۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و پارتی سەربەخۆیی کوردستان

وڵامێک جێ بێڵە