ئاشتیاکۆ پوورکەریم، سکرتێری گشتیی پارتی سەربەخۆیی کوردستان، لە وتووێژێکدا لەگەڵ «کوردناسیۆن»، جەختی لەوە کردەوە کە چارەسەری پرسی کوردستان لە کۆتاییهێنان بە داگیرکاری، بەدەستهێنانی سەروەریی سیاسی و دامەزراندنی کوردستانێکی سەربەخۆ، ئازاد، دێموکراتیک و سێکۆلاردایە. ئەو ئەنتێگراسیۆن و پڕۆژە فیدراڵی و کۆنفیدراڵییەکان لە چوارچێوەی دەوڵەتانی داگیرکەردا، بە چارەسەرێکی پایەدار بۆ دۆزی کورد نەزانی.
پوورکەریم لە ڕوونکردنەوەی هەڵوێستی پارتەکەیدا، ئەو ئەنتێگراسیۆنەی بۆ کوردستان دەخرێتە ڕوو، بە درێژەی سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆن بە زمان و شێوازێکی نوێ ناوبرد. بە وتەی ئەو، ئامانجی ئەم ڕەوتە تواندنەوەی شوناسی کوردی و کوردستانی لە ناسنامەکانی ئێرانی، عێراقی، سووری و تورکیەییدایە؛ ئەو ناسنامانەی کە بە دەستکردیان دەزانێت. ئەو هەروەها ڕوونی کردەوە کە قەبووڵکردنی ئەنتێگراسیۆن بەم مانایە، پێگەی کورد لە نەتەوەیەکی خاوەن مافی دیاریکردنی چارەنووسەوە بۆ بەشێک لە نەتەوەی داگیرکەر دادەبەزێنێت.
سکرتێری گشتیی پارتی سەربەخۆیی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد کە دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان بە درێژایی ساڵان، ئامرازە سیاسی، ئابووری و کولتوورییەکانیان بۆ تواندنەوەی نەتەوەی کورد بەکارهێناوە و لە ئاسیمیلاسیۆنەوە تا ژینۆساید پێش چوون؛ بەڵام نەیانتوانیوە ناسنامەی نەتەوەیی کورد لەناو ببەن. بە بۆچوونی ئەو، خستنەڕووی ئەنتێگراسیۆن لە ژێر ناوی تێکەڵبووندا، هەوڵێکە بۆ گەیشتن بە هەمان ئامانج بە شێوازێکی دیکە.
سەبارەت بە چەمکی «برایەتیی گەلان»، پوورکەریم ڕوونی کردەوە کە پارتەکەی داکۆکی لە دۆستایەتیی نێوان هەموو نەتەوەکان دەکات، بەڵام بنەمای ئەو پەیوەندییە دەبێت یەکسانی و ڕێزگرتن لە مافەکانی یەکتر بێت. ئەو جەختی کردەوە کە لە دۆخێکدا خاکی نەتەوەیەک داگیر کراوە و مافەکانی زەوت دەکرێت، ناتوانرێت ئەو پەیوەندییە نایەکسانە بە ناوی برایەتی پاساو بدرێت.
لە بەشێکی دیکەی وتووێژەکەدا، ناوبراو ڕێککەوتنە فیدراڵی و کۆنفیدراڵییەکان لەگەڵ دەوڵەتانی داگیرکەر بە ناپایەدار هەڵسەنگاند. بە بڕوای ئەو، ئەو دەوڵەتانە باوەڕیان بە دابەشکردنی دەسەڵاتی سیاسی، ئابووری و سەربازی نییە و لە نەبوونی کولتوورێکی دێموکراتیکدا، ئەو ڕێککەوتنانە ناتوانن مافە نەتەوەییەکانی کورد دەستەبەر بکەن. لەم ڕوانگەیەوە، پارتەکەی ئەو پڕۆژانە بە ڕازیبوون بە بەردەوامیی داگیرکاری لەسەر خاکی کوردستان دەزانێت.
پوورکەریم لە وەڵامی پرسیارێکدا دەربارەی ڕێگەچارەی پارتەکەی گوتی: «کۆتاییهێنان بە داگیرکاری و بە دەستەوەگرتنی سەروەریی سیاسی و پێکهێنانی کوردستانێکی سەربەخۆ.» ئەو جەختی کردەوە کە دەبێت هێزە داگیرکەرەکان لە کوردستان دەربکرێن و خەڵکی کوردستان بە ئازادی بڕیار لەسەر داهاتوو و چارەنووسی سیاسیی خۆیان بدەن. بە وتەی ئەو، سەربەخۆیی و بنیاتنانی دەوڵەتێکی دێموکراتیک و سێکۆلار، ڕێگەچارەی پاراستنی بوون و مانەوەی نەتەوەی کوردە.
لە کۆتایی وتووێژەکەدا، سکرتێری گشتیی پارتی سەربەخۆیی کوردستان جیاوازیی نێوان فیدراڵی و کۆنفیدراڵی لە چوارچێوەی دەوڵەتانی داگیرکەر و بەکارهێنانیان دوای سەربەخۆیی ڕوون کردەوە. ئەو گوتی دوای بەدەستهێنانی سەربەخۆیی هەر چوار بەشی کوردستان، دەکرێت سیستمی فیدراڵی بۆ ڕێکخستنی ناوخۆ بەکاربهێنرێت و هەر چوار بەشەکەش لە چوارچێوەی یەکێتییەکی کۆنفیدراڵیدا یەکبگرنەوە. پوورکەریم ناوی «وڵاتە یەکگرتووەکانی کوردستان»ی وەک نموونەیەک بۆ ئەو یەکێتییەی داهاتوو خستە ڕوو.


