تیرۆر لە هەر شوێن و بە هەر ناوێکەوە بێ مەحکوومە.
تیرۆر چ کەسێکی ئیسلامی بیکا و چ غەیرە ئیسلامی خۆی لە خۆیدا کردەوەیەکی قێزەون،ترسنۆکانە، دواکەوتوانە و مەحکوومە.
ئەوەی ئەمڕۆ لە ئاستی جیهانیدا بەدی دەکرێ، شێوەیەکە لە تیرۆریزمی دەوڵەتیە و کردەوەکە لە لایەن هەندێ وڵاتی ئیسلامیەوە پاڵپشتی و پشتگیری و پلان داڕێژی بۆ دەکرێ، بە پلەی یەکەم ڕژیمی ئێران، ماکە و بناغەدانەری سەرەکیی تیرۆریسمی نێودەوڵەتییە و لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوو دا پەرە و گەشەی بە تیرۆر و تیرۆریسم داوە.
هەروەها هەندێ وڵاتی عەڕەبی و تورکیە ، پاڵپشتی ماڵی و تەسلیحاتیی زۆریەک لە ڕێکخراوە تیرۆریستییە جیهانییەکانن.
ئەلقاعیدە و تاڵیبان، داعش و بووکووحەرام،حەماس و حیزبوڵڵا، حەشدی شەعبی و حوسیەکانی یەمەن سەرجەمیان دەستپەروەردە و ڕاهێنراوی ڕژیمی ئێران بە گشتی و سپای تیرۆریستیی پاسدارانی ئێرانن.
لە هەموو جیهاندا ئەمڕۆکە زۆربەی تیرۆرەکان لە لایەن ئیسلامی سیاسی و بە ناوی مسوڵمانان و دینی ئیسلام بەڕێوە دەچێ ، هەر چەند شک لەوە دانییە کە مسوڵمانان هەموو تیرۆریست نین،بەڵام ڕاستەقینەی ئەمڕۆیی سەلمێنەری ئەوەیە کە زۆربەی نزیک بە تەواوی تیرۆریستەکان ئیسلامی و مسوڵمانن.
ئەو تیرۆرانەی ماوەیەکە داوێنی ئورووپا بە تایبەتی فەڕانسە و ئوتریش و ئاڵمان و … گرتۆتەوە ، بە پلەی یەکەم خۆیان لێی بەرپرسیارن، چونکە ئیزنیان بە هاتن و گەشە سەندنی ئیسلامی سیاسی لە وڵاتەکانیان داوە و ئیسلامییەکانیش لە ژێر ناو و بە بیانووی دێموکراسی هەر کردەوەیەکی پێیان گونجاو بووە درێغیان لێنەکردووە.
ئەگەر ئوتریش و بەشێک لە وڵاتانی ئورووپایی لە بەرانبەر تیرۆری ڕێبەرانی کورد و بەشێک لە دژبەرانی ڕژیمی ئێران کە لە وڵاتانی ئورووپایی تیرۆر کراون، بێدەنگیان نەدەنواند و خەریکی سات و سەودای بازرگانی بۆ سازان لە گەڵ ئێران نەدەبوون، ئەوە ئەمڕۆ تیرۆر بەم شێوەیە داوێنی نەدەگرتن.
ئێمە وەک بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان لەو باوەڕە داین کە تا ئەو کاتەی شادەماری تیرۆریسمی نێودەوڵەتی کە ڕژیمی ئێرانە،نەقرتێندڕێ تیرۆر و کوشت و کوشتار لە جیهاندا کۆتایی پێنایە.
لە کۆتاییدا سەرجەم کردەوە تیرۆریستییەکانی جیهان بە توندی مەحکووم دەکەین و وێڕای هاوخەمی و هاودەردیی خۆمان لە گەڵ نەتەوە و دەوڵەتەکانی فەڕانسە و ئوتریش، پێداگری دەکەینەوە کە ئێمە وەک کورد هەمیشە قوربانیی دەستی تیرۆریزم بووین و لە ڕێگەی کۆتاییهێنان و شەڕ بە دژی تیرۆر، زۆرمان خەسار و قوربانی داوە.
ئێمە بە بەردەوامی دژی تیرۆر دەوەستینەوە و هیواخوازین ئەو خاڵە هاوبەشە، ببێتە مایەی هاوکاری و پاڵپشتیی ئورووپا و دێموکراسیی جیهانی لە گەلی کورد و کوردستان.

بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان
٣ی نوامبری ٢٠٢٠ی زایینی