کوردناسیۆن: “زارا محەممەدی” مامۆستای زمانی کوردیی ئەندام لە ڕێکخراوی “نۆژین” لە شاری سنە، ڕێکەوتی ٢ی جۆزەردانی ١٣٩٨ی هەتاوی، لەلایەن لیباس شەخسییەکانی ڕێژیمی داگیرکەری ئێرانەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەر کرا، زارا محەممەدی سەرەتا هەتا رۆژی ١٠ی جۆزەردان لە ژووری تاکەکەسی ڕاگیرابوو.

سەرەنجام ناوبراو پاش ٦ مانگ دەسبەسەری بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ ملیۆن تمەنی لە ڕێکەوتی ١١ی سەرماوەزی هەمان ساڵ، بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی پووشپەڕی ئەمساڵ، لقی ١ی دادگای ئینقلابی رژیمی ئێران لە شاری سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر “سەعیدی” دادگاییەکی ناعادڵانەی بەڕێوە برد و حوکمی ١٠ ساڵ بەندکرانی ئەو چالاکە زمانەوانییەی، بە تۆمەتی “دانانی دەستە و گرووپ دژ بە نیزام بە مەبەستی تێکدانی ئەمنییەتی نەتەوەیی ئێران ” بە پارێزەرەکەی ڕاگەیاند.
لەو پێوەندییە دا هوشیار وەیسی ئەندامی ڕێبەریی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان وێڕای مەحکووم کردنی ئەو حوکمە لە توویتێک دا ئاوا دەنووسێ:

حوکمی زارا دەبێ هەڵبوەشێتەوە.
چالاکانی مەدەنی لە نێوخۆی کوردستانی ڕۆژهەڵات، بۆ پشتیوانیکردن لە “زارا محەممەدی” مامۆستای زمانی کوردیی خەڵکی شاری سنە و مەحکووم بە ١٠ ساڵ بەندکران، گەردەلوولێکی تویتێرییان بەڕێ خستووە.

ئەو گەردەلوولە تویتێرییە، شەوی شەممە ٢٨ی پووشپەڕ، بەرانبەر لەگەڵ ١٨ی ژووئییە، کاتژمێر ١٠ی شەو بە کاتی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەڕێوە دەچێت.

هەشتەگەکانی تایبەت بەو گەردەلوولە تویتێرییە بریتین لە: “#حوکمی_زارا_دەبێ_هەڵبوەشێتەوە و #exoneratezara”.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕێژەیەکی بەرچاو لە چالاکانی مەدەنی و سیاسی و زمانەوانی و مافناسەکان و هەروەها خەڵکی کوردستان بە دانانی پۆست و بابەت و هەشتەگ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئەو حوکمە ناڕەوایەی دادگای ڕێژیمی ئێران لەسەر “زارا محەممەدیـ”ـیان مەحکووم کرد.

هەروەها لە هەر چوار بەشی کوردستان کەسایەتیگەلی ناودار و خەڵکی کوردستان پشتیوانیی خۆیان لە “زارا محەممەدی” و بێزارییان لە دادگا ناڕەواکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەربڕی.

هاوکات بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان وێڕای مەحکووم کردنی داسەپاندنی حوکمی زیندان بە سەر زارا محەممەدی، داوا لە ڕێکخراوەکانی جیهانیی مافی مرۆڤ دەکا کە پێشێلکارییەکانی رژیمی داگیرکەری ئێرانی لە کوردستان نادیدە مەگرن و ڕێکخراوە مرۆڤ دۆستەکان بە هانای بەندکراوانی کورد لە زیندانەکانی ڕژیمی ئێرانەوە بچن .
هەروەها داوا لە گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان دەکەین کە بە بەڕێوەبردنی چالاکیی دژ بە حوکمی زیندان و سێدارەی چالاکانی کورد، پێش بە کپ کرانی دەنگی ئازادی و مرۆڤایەتی بگرن .