کوردناسیۆن:
مستەفا سەلیمی زیندانیی سیاسیی کورد، رێکەوتی ١٦ی خاکەلێوەی ١٣٨٢ی هەتاوی بە تۆمەتی ئەندامیەتی لە حیزبێکی کوردستانی ، دەستبەسەر و پاش دادگاییەکی ناعادڵانە ، حوکمی ١٥ ساڵ زیندان و بە تۆمەتی شەڕ لە گەڵ خودا حوکمی ئێعدامی بە سەر دا سەپابوو کە پاش ١٧ ساڵ لە تێپەڕ بوونی زیندانییەکەی ، ڕۆژی ٢٣ی خاکەلێوەی ١٣٩٩ی هەتاوی لە لایەن ڕژیمی داگیرکەری ئێران لە بەندیخانەی شاری سەقز لە سێدارە درا.

بە پێی زانیاری و هەواڵەکانی گەیشتوو بە ناوەندی کوردناسیۆن ، ئەو بەندکراوە سیاسییە ڕۆژی ٨ی خاکەلێوەی ١٣٩٩ی هەتاوی لە گەڵ چەند بەندکراوێکی دیکە لە زیندانی سەقز هەڵدێن و مستەفا سەلیمی لە ڕێگەی سنووری دەستکردی نێوان ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان ، دەربازی هەرێمی کوردستانی باشوور دەبێ و خۆی دەگەیەنێتە گوندی سیاگوێزی سەر بە  شاری پێنجوێن.
شایەتحاڵان لە ناوچەکە گەیشتنی مستەفا سەلیمی بە شارۆچکەی پێنجوێن پشتڕاست دەکەنەوە بەڵام لە پێوەندی بە ڕادەستکردنەوەی ناوبراو دوو بابەت باسی لێوە دەکرێ .
یەکەم : هەندێ سەرچاوە دەڵێن کە مستەفا سەلیمی لە لایەن بەرپرسانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە و لە ڕێگەی سنووریی بانەوە ڕادەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران کراوەتەوە و سەرەڕای ئاگادار بوون لە کەیسەکە ناوبراو تەحویلی ڕژیمی ئێران دراوەتەوە.

دووهەم: هەندێک خەڵکی ناوچەکە دەڵێن کە بە هۆی نەخۆشی و ڤایرۆسی کڕۆنا و قەدەغە بوونی هاتووچۆ لە نێوان باشوور و ڕۆژهەڵات ، ئاسایش و سنوورەوانی، مستەفا سەلیمیان ئاودیوی کوردستانی ڕۆژهەڵات و شاری بانە کردۆتەوە و ڕاستەوخۆ ڕادەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران نەکراوەتەوە.

هاوکات بەرپرسانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان حاڵەتی دووهەم و هەندێک لە چالاکان و ڕۆژنامەوانان پێداگری لە سەر خاڵی یەکەم دەکەن و حاڵەتی یەکەم پشتڕاست دەکەنەوە.

ئێمە وەک بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان لە هەر دوو حاڵەتدا  بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە بەرپرسیاری یەکەم دەزانین و وێڕای بە داخ بوون و مەحکووم کردنی لە سێدارە درانی زیندانیی سیاسیی کورد، مستەفا سەلیمی داواکارین:

یەکەم : پیویستە هەر دوو لایەنی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دێموکراتی کوردستان لە مەڕ پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی پارچەکانی دیکەی کوردستان کە هانا بۆ باشوور دێنن خۆیان بە بەرپرسیار بزانن و لە بەرانبەریان دا هەڵوێستی نەتەوەییان هەبێ و بە هیچ چەشنێک کوردێک بە دەست کورد، نەدرێتەوە دەستی دوژمن.

دووهەم: بۆ ئەوەی دووبەرەکی نەکەوێتە ناو ماڵی کورد و دوژمنان پێمان خۆش نەبن، لیژنەیەک پێک بهێندرێ بۆ سەرجەم ئەو تیرۆر و تاوانانەی دەرهەق بە کوردی پارچەکانی دیکە بە تایبەتی ڕۆژهەڵات ، لە ژێر دەسەڵاتی دوو لایەنی یەکێتی نیشتمانی و پارتی دێموکراتی کوردستان ئەنجام دراون و بۆ ئەوەی پێش بە دووپاتە بوونەوەیان بگیردرێ، تاوانباران بە شێوەی عادڵانە سزا بدرێن.

سێهەم: با دۆستایەتی و پێوەندیی سیاسیی لایەنەکانی کوردستانی باشوور لە گەڵ ڕژیمە داگیرکەرەکانی کوردستان، لە سەر حیسێبی ڕۆژهەڵات، باکوور یان ڕۆژئاوا یان بە پێچەوانەوە نەبێ .

چوارەم: بڕیاری “مەسرور بارزانی”سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ، بۆ پێکهێنانی لێژنەی بەدواداچوون و دەرخستنی ڕاستییەکانی ئەم ڕووداوە بە کارێکی شیاو دەزانین و هیوادارین بێ لایەنی تێدا ڕەچاو بکرێ و چالاکانی سەربەخۆ و بێلایەنی کوردی ڕۆژهەڵاتیش بە مەبەستی چاوەدێری کردن لە ناو لیژنەکە دا حزووریان هەبێ .

لە کۆتاییدا بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان، چاوەڕوانی ئەنجامی لێکۆڵینەوەی لێژنەی بەدواداچوون و دەرخستنی ڕاستییەکانی ئەم ڕووداوە دەکا و هەوڵ دەدا بە وردی چاوەدێری دۆخەکە بکا و دواتر خەڵکی کوردستانی لێ ئاگادار دەکاتەوە .

بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان
٢٥ی خاکەلێوەی ٢٧٢٠ی کوردی