کوردناسیون – ڕۆژهەڵاتی کوردستان: ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، بەرامبەر بە ١٤ی نوڤەمبەری ٢٠٢٦، وەرگەڕانی ئۆتۆبۆسێک کە کارمەندانی کۆمەڵگەی نەوتی NGLی دەشتعەباسی دەگواستەوە، لە ڕێگای نێوان دەشتعەباس و مورموری، لە پارێزگای ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بووە هۆی گیانلەدەستدانی لانیکەم ١٠ کەس و برینداربوونی ژمارەیەکی دیکە لە سەرنشینەکان.
بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ئەم ڕووداوە نزیکەی کاتژمێر ١٩:٢٣ لە ڕێگای پەیوەندی نێوان دەشتعەباس و مورموری، لە سنووری ناوچەی سەگەر و ئاوتاف، ڕوویداوە. ئۆتۆبۆسەکە لە جۆری ڤۆڵڤۆ بووە و کارمەندانی یەکێک لە کۆمەڵگە نەوتییەکانی ناوچەکەی دەگواستەوە.
لە کاتژمێرە سەرەتاییەکانی دوای ڕووداوەکەدا، ئاماری جیاواز سەبارەت بە ژمارەی قوربانییان بڵاوکرایەوە. لە ڕاپۆرتە سەرەتاییەکاندا، گیانلەدەستدانی حەوت کەس ڕاگەیەندرا، بەڵام لە ڕاپۆرتەکانی دواتردا ژمارەی گیان لەدەستداوەکان بۆ ١٠ کەس بەرزبووەوە. سەبارەت بە ژمارەی بریندارانیش، ئاماری جیاواز لە نێوان ١٧ تا ٢٥ کەس بڵاوکراوەتەوە و هێشتا ئامارێکی ڕاست دەربارەی دۆخی هەموو سەرنشینەکان لەبەردەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ژمارەیەک لە برینداران بۆ وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکی گوازراونەتەوە بۆ ناوەندە درمانییەکانی ناوچەکە و نەخۆشخانەکانی دزفول.
ئەم ڕووداوە کارەساتبارە شەپۆلێک لە خەم و نیگەرانی لە نێوان بنەماڵەکانی کارمەندانی پیشەسازی نەوت و خەڵکی ئاودانان، دیهلوران، مورموری، شارەکانی دیکەی پارێزگای ئیلام و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دروستکردووە.
پارتی سەربەخۆیی کوردستان بە خەم و پەژارەیەکی قووڵەوە، گیانلەدەستدانی ژمارەیەک لە ڕۆڵە زەحمەتکێشەکانی کوردستان لە ڕووداوی وەرگەڕانی ئۆتۆبۆسی دەشتعەباس ـ مورموری، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانیان، خەڵکی ئاودانان، دهلوران، مورموری، سەرجەم پارێزگای ئیلام و نەتەوەی کورد دەکات.
لەو ساتە دژوارانەدا، خۆمان بە هاوبەشی خەم و ئازاری کەسوکاری قوربانیان دەزانین و ئاواتەخوازین برینداران هەرچی زووە چاک ببنەوە و تەندروستی خۆیان بەدەستبهێنن.
یادی قوربانیان بەڕێز و ڕۆحیان شاد بێت.
پارتی سەربەخۆیی کوردستان
١٤ی نوڤەمبەری ٢٠٢٦



