شاندێکی پارتی سەربەخۆیی کوردستان، پێکهاتوو لە ئاشتیاکۆ پوورکەریم، سکرتێری گشتیی پارت، و گۆران دەشتی، ئەندامی دەفتەری سیاسیی پارت، ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٦ بەشداری لە دانیشتنی ڕۆژنامەوانیی ئەنجومەنی ڕۆژنامەوانیی ئەورووپا و ئیسرائیل (EIPA) لە لەندەن کرد. لە دانیشتنەکەدا، ڕۆڵی تورکیا لە ناتۆ، سیاسەتە ناوچەییەکانی ئەنقەرە و لێکەوتەکانیان بۆ ئەورووپا، ئیسرائیل و کورد تاوتوێ کران و دەشتی پرسیارگەلێکی دەربارەی ڕێبازی تورکیا بەرامبەر بە کورد و پەیوەندییەکانی ئەم وڵاتە لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکان خستەڕوو.
ئەم بەرنامەیە بە ئامادەبوونی دکتۆر ڕێمی دانیێل، توێژەری پەیمانگای توێژینەوەکانی ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل و پسپۆڕی کاروباری تورکیا، دکتۆر ئالەن مەندۆزا، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ناوەندی لێکۆڵینەوەی هێنری جەکسۆن، و پڕۆفیسۆر ڕۆزا فریدمن، مامۆستای یاسا، ملمڵانێ و گەشەپێدانی جیهانی لە زانکۆی ڕێدینگ، بەڕێوە چوو. شارەزایان و ڕۆژنامەوانانی بەشداربوو دەربارەی پێگەی تورکیا وەک ئەندامێکی ناتۆ، هێزێکی ناوچەیی و لایەنێک کە سیاسەتەکانی لە ڕووی ئەمنییەوە بە شێوەی جیاواز هەڵدەسەنگێنرێن، گفتوگۆیان کرد.
پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ئەمریکا و ئەورووپا، شەڕی ئۆکراینا و پەیوەندییەکانی ئەنقەرە لەگەڵ ڕووسیا، پێشهاتەکانی سووریا، پرسی کورد، ئێران، غەززە و ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لە تەوەرەکانی گفتوگۆکە بوون. پرسیاری سەرەکیی دانیشتنەکە ئەوە بوو کە فراوانبوونی ڕۆڵی تورکیا تا چ ڕادەیەک یارمەتیی سەقامگیری دەدات و لە کام بوارانەدا دەتوانێت ببێتە هۆی زیادبوونی گرژی و نائەمنی.
گۆران دەشتی لە بەشی پرسیار و وەڵامدا، دوای ناساندنی خۆی و پارتی سەربەخۆیی کوردستان، پرسی ڕۆڵی ئەنقەرە لە ڕێگریکردن لە چوونە ناو ئێرانی هێزە کوردییەکان لە کاتی شەڕدا خستەڕوو. ئەو پرسی تورکیا چۆن توانیویەتی ئەمریکا و ئیسرائیل ڕازی بکات کە ڕێگری لە هەنگاوێکی لەو جۆرە بکەن.
دەشتی هەروەها، بە ڕەخنەگرتن لە هەڵوێستەکانی تورکیا بەرامبەر بە ئیسرائیل و ئاماژەدان بەوەی خۆی بە پشتیوانیی ئەنقەرە لە حەماس، حیزبوڵڵا و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکە وەسفی کرد، بەردەوامبوونی ئەندامێتیی ئەم وڵاتە لە ناتۆ خستە ژێر پرسیار. ئەو داوای لە وتاربێژان کرد ڕوونی بکەنەوە کە ئایا تورکیا یارمەتیی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و جیهان دەدات، یان خۆی بووەتە هەڕەشەیەک بۆیان.
ئەو لە درێژەدا پرسی بەکارهێنانی کەلوپەلی ناتۆ لە دژی کورد خستەڕوو و پرسی بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە چی پێویستە بکرێت. ئەم پرسیارە لێکەوتەکانی هاوکاریی سەربازیی ڕۆژئاوا لەگەڵ تورکیا بۆ ئاسایشی کوردیش هێنایە ناو گفتوگۆکە.
هەر سێ وتاربێژ وەڵامی کۆی سێ پرسیاری یەکەمی دەشتییان دایەوە؛ سەرەتا ڕۆزا فریدمن، پاشان ئالەن مەندۆزا و دوای ئەویش ڕێمی دانیێل. فریدمن لە وەڵامەکەیدا جیاوازیی لە نێوان ڕۆڵی تورکیا بۆ ئەورووپا و کردەوەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دانا. ئەو گوتی میوانداریکردنی کۆچبەران لەلایەن تورکیاوە و ڕۆڵی ئەم وڵاتە لە کۆنترۆڵکردنی کۆچی ناڕێکخراو، بۆ حکومەتە ئەورووپییەکان گرنگیی ئەمنیی هەیە و لەم ڕوانگەیەوە، ئەنقەرە دەتوانێت بە هاوبەشێک بۆ بەهێزکردنی سەقامگیری دابنرێت.
فریدمن لە بەرامبەردا، سیاسەتەکانی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانە هەڵسەنگاند. ئەو هەوڵی ئەنقەرە بۆ فراوانکردنی نفووز و گرتنی شوێنی ئێرانی بە هۆکارێکی ناسەقامگیری زانی و گوتی ئەم ڕێبازە، بەتایبەتی بۆ ئیسرائیل، نیگەرانی دروست دەکات. بە گوتەی ئەو، تورکیا لە هەندێک وڵاتدا لەژێر ناونیشانی پشتیوانی لە هێزە چەکدارەکان، بەدوای جێگیرکردنی پێگەی خۆیدایە؛ هەنگاوێک کە بە بۆچوونی ئەو، مەرج نییە ببێتە هۆی بەهێزبوونی سەقامگیری. فریدمن جەختی کردەوە کە هەڵسەنگاندنی تورکیا وەک هاوبەشێکی ئەمنی یان هەڕەشەیەک، پەیوەستە بەوەی لە چ ڕوانگەیەکەوە و لە چ بوارێکدا کارکردنی ئەم وڵاتە هەڵدەسەنگێنرێت.
ئالەن مەندۆزا دوای فریدمن، لە درێژەی وەڵامدانەوەی هەمان کۆمەڵە پرسیاردا، جەختی لە قورسایی سەربازیی تورکیا لە ناتۆ کردەوە. ئەو گوتی بەرپرسانی بەرگریی ئەم هاوپەیمانییە، تورکیا بە هێزێکی سەربازیی گرنگ دەزانن کە بوونی یارمەتیی بەهێزکردنی توانای ناتۆ دەدات. بە هەڵسەنگاندنی مەندۆزا، ئەم ڕوانگەیە ڕوون دەکاتەوە کە بۆچی، سەرەڕای ناکۆکی لەسەر سیاسەتەکانی ئەنقەرە و نیگەرانی لە کردەوە ناوچەییەکانی، هێشتنەوەی تورکیا لە پێکهاتەی هاوپەیمانییەکەدا هەروا گرنگە.
مەندۆزا زیادیکرد کە ناکۆکیی تورکیا لەگەڵ ئەندامەکانی دیکەی ناتۆ مێژوویەکی درێژی هەیە و تا ئێستا لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەکەدا مامەڵە لەگەڵ ئەم گرژییانە کراوە؛ بۆیە لە ئایندەی نزیکدا پێشبینیی گۆڕانێک لە دۆخی ئەندامێتیی ئەم وڵاتە ناکات. ئەو هەروەها میوانداریکردنی کۆچبەران لەلایەن تورکیاوە بە هۆکارێک زانی کە لە مامەڵە لەگەڵ حکومەتە ئەورووپییەکاندا دەرفەتی جووڵە بە ئەنقەرە دەدات.
ڕێمی دانیێل، کە دوای مەندۆزا وەڵامی پرسیارەکانی دەشتیی دایەوە، باسی توانای ئەردۆغانی لە کاریگەریدانان لەسەر سیاسەتی ئەمریکا کرد. ئەو گوتی ئەگەر ئەردۆغان توانیبێتی ترەمپ ڕازی بکات بەوەی واز لە پلانی چوونە ناو ئێرانی هێزە کوردییەکان بهێنێت، ئەمە نیشانەی توانای سەرۆککۆماری تورکیایە بۆ کاریگەریدانان لەسەر بڕیارەکانی واشنتن.
دانیێل هەروەها گوتی ئەردۆغان لە هەندێک قەیراندا توانیویەتی بێ ئەوەی تێچووی سیاسیی هاوتای کردارەکانی خۆی بدات، پێگەی خۆی بپارێزێت. ئەو ئاماژەی بە جیاوازیی مامەڵەی ترەمپ لەگەڵ تورکیا و هاوپەیمانە ئەورووپییەکان کرد و گوتی لە هەندێک حاڵەتدا کە ئەنقەرە لە ئەورووپییەکان کەمتر هاوکاریی کردووە، ڕەخنەکانی سەرۆککۆماری ئەمریکا زیاتر ئاڕاستەی ئەورووپا کراون.
ئەو لە درێژەدا ئاماژەی بە پێشهاتەکانی سووریا لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترەمپدا کرد و گوتی ڕێبازی واشنتن دەرفەتی بە تورکیا دا بوون و ئۆپەراسیۆنەکانی خۆی لە سووریا فراوان بکات، لەوانە لە بەشەکانێکی ڕۆژئاوای کوردستان کە هێزە ئەمریکییەکان تێیاندا بوون. دانیێل ئەم ئەزموونەشی لە چوارچێوەی توانای ئەردۆغان بۆ کاریگەریدانان لەسەر سیاسەتی ئەمریکا و سوودوەرگرتن لە ناسەقامگیرییەکانی ناوچەکە هەڵسەنگاند.
دانیێل لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی بارودۆخی ناوخۆی تورکیای کرد و داخستنی کەناڵە تەلەڤیزیۆنییە دژبەرەکانی بە نیشانەی نەبوونی پشتیوانیی یەکپارچەی کۆمەڵگا لە ئەردۆغان زانی. ئەو بەم هەڵسەنگاندنە، لە پاڵ فراوانبوونی نفووزی دەرەکیی ئەنقەرە، ئاماژەی بە سنوورداربوونی پشتیوانیی ناوخۆیی لە سەرکردایەتیی تورکیاش کرد.
لە ناو گفتوگۆکاندا، یەکێک لە بەشداربووانیش ئاماژەی بە پێشنیاری بەشداریی هێزەکانی تورکیا لە هێزی سەقامگیرکردنی غەززە و دژایەتیی ئەم پێشنیارە لەلایەن ئیسرائیلەوە کرد و ئەم بابەتە لە پاڵ ناکۆکییە ئەمنییەکانی دیکەی ئەنقەرە و ئیسرائیل خرایەڕوو.
دەشتی لە پرسیاری کۆتایی خۆیدا باسی ڕێککەوتنە سەربازییەکەی نێوان پاکستان، تورکیا و عەرەبستانی سعودی کرد و پرسی ئایا ئیسرائیل ئەم هاوکارییە بە هەڕەشەیەک لە دژی خۆی دەزانێت.
تەنها ڕێمی دانیێل وەڵامی ئەم پرسیارەی دایەوە. ئەو دوو پرسی لە یەکتر جیا کردەوە: یەکەم، ڕێککەوتنەکە لە کرداردا چ مانایەکی دەبێت؛ دووەم، ئەم هاوکارییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کام هەڕەشە ئاراستە دەکرێت. دانیێل لەم بارەیەوە ئاماژەی بە شێوازی بەرگریی بەکۆمەڵی ناتۆ کرد و گوتی هێشتا لێکەوتە کردارییەکانی ڕێککەوتنی سێ وڵاتەکە بە ڕوونی دیار نین.
دانیێل زیادیکرد کە ئەگەر بەهێزبوونی هاوکاریی سێ وڵاتەکە لە بەرامبەر ئێراندا بێت، دەتوانێت لەگەڵ بەشێک لە بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل هاوتەریب بێت؛ بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی هەڵوێستەکانی ئەنقەرە بەرامبەر بە ئیسرائیل، هەمان هاوکاری ڕەنگە لە گۆشەنیگایەکی دیکەوە بە هەڕەشەیەکی ئەگەری دابنرێت. ئەو لە درێژەدا ئاماژەی بە پرسی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی عەرەبستانی سعودی و ئیسرائیلیش کرد.
ئاشتیاکۆ پوورکەریم و گۆران دەشتی لە پەراوێزی ئەم دانیشتنەدا لەگەڵ وتاربێژان و ژمارەیەک لە بەشداربووان دیدار و گفتوگۆیان کرد. ئەم دیدارانە تایبەت بوون بە بابەتە خراوەڕووەکانی بەرنامەکە، ڕۆڵی تورکیا لە پێشهاتەکانی ناوچەکە و لێکەوتەکانی سیاسەتەکانی ئەنقەرە بۆ کورد.











